مەولوود چاوشئۆغلو و فەیسەڵ میقداد دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن

11-08-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا گفتوگۆیەکیان هەبووە و باسی دۆخی سووریایان کردووە. 
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 11-8-2022 دوای کۆتاییهاتنی 13مین کۆنفرانسی باڵیۆزانی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 لە بەلگرادی پایتەختی سربیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا هەبووە.
 
چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "لە گفتوگۆکەماندا پێم راگەیاند، پێویستە سووریا لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاکبکرێتەوە؛ جەختم لە هەڵوێستی نەگۆڕی تورکیا بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و پڕ لە ئاشتی لە نێوان رژێم و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کردەوە؛ پاڵپشتی لە ئاشتی نێوان هەردوولایەن دەکەین. پشتیوانیی تورکیام بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی. تورکیا چاوی لە خاکی سووریا نییە، بەڵام یەکڕیزی لەنێوان پێکهاتەکانی نێو سووریا بەدەستنەهێندرێت، سووریا دابەش دەبێت. ئێمەش هەرگیز دابەشبوونی سووریا قبووڵ ناکەین. بۆ ئەوەی سووریا دابەش نەبێت، پێویستە دەسەڵاتێکی بەهێز سووریا بەڕێوەببات. دەبێت ئەو دەسەڵاتە توانای جێبەجێکردنی یاسا و هێزی حکومەتی بەسەر هەموو ناوچەیەکی سووریادا هەبێت. تەنیا گفتوگۆمان لەبارەی ئەم بابەتانە کرد". 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە تێکچوون. 
 
ئێستاش تورکیا یارمەتی ژمارەیەک لەو گرووپە چەکدارییانەی نێو سووریا دەدات کە وەکو ئۆپۆزیسیۆن خۆیان دەناسێنن و تەنانەت ناوچەیشیان لەژێر کۆنترۆڵدایە، وەک هەرێمی عەفرین و ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی جەرابلووس و باب لە باکووری سووریا. 
 
لەبارەی ئەندامێتیی سوێد و فینلاند لە هاوپەیمانیی ناتۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی سوێد و فینلاند بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەمان نەنراوە. حکومەتی ئەو وڵاتانە لێدوانی ئەرێنی دەدەن، بەڵام تورکیا پێویستی بە کردارە. ئەوان داوای ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن، کەواتە ناچارن مەرجەکانمان جێبەجێ بکەن. ئێمە گوشارمان نەکردووە بەتایبەتی گوشاری کات، بەڵام چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانین. لەسەر داوای ئەوان، رۆژی 26ی ئاب کۆدەبینەوە و تاوتوێی دوایین پێشهات دەکەین". 
 
رۆژی 28-06-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند، ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کۆبوونەوە و پرسی بەئەندامبوونی سوێد و فینلادیان لە ناتۆ تاوتوێکرد. 
 
ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە تورکیا رازی بوو ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام چەند مەرجێکیشی هەیە، لەوانەش، دەبێت حکومەتی ئەو دوو وڵاتە واز لە یارمەتیدان و داڵدەدانی ئەندامانی ئەو گرووپانە بهێنێت کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" ناویان دەهێنێت و ئەو پۆلێنەش پەکەکە و هێزە نزیکەکانی دەگرێتەوە؛ هەروەها رادەستکردنەوەی ژمارەیەک کەس کە ئەنقەرە وەکو "تیرۆریست" ناویان دەهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە