عەدنان ئۆکتار بە 8 هەزار ساڵ زیندانیکردن سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای تورکیا، سزای 8 هەزار ساڵ زیندانیکردنی بۆ عەدنان ئۆکتار پشتڕاستکردەوە کە تۆمەتبارە بە "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی رێکخراوی چەکدار".
رۆژی چوارشەممە 10-7-2024 تۆمەتنامەیەکی تایبەت بە دۆسیەی عەدنان ئۆکتار "بانگخوازی ئایینی" خوێندرایەوە و دواتریش دادگە بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە.
لە دۆسیەی تایبەت بە گرووپی عەدنان ئۆکتاردا 215 کەس دادگەیی دەکرێن کە 72ـیان لە گرتووخانەدا دەستبەسەرن.
رۆژی 16-11-2022 دادگەی 30ی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ سزای 891 ساڵ زیندانیی بەسەر ئۆکتاردا سەپاند. لە دۆسیەکەی عەدنان ئۆکتار تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی رێکخراوی چەکدار، دەستدرێژیی سێکسی، زەوتکردنی مافی تاک و تۆمارکردنی زانیاریی تاک لەو تۆمەتانە بوون کە لەسەر ئۆکتار و هاوڕێکانی بوو.
لە تەمموزی 2018 عەدنان ئۆکتار و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و دادگایی دەکرێن.
ئۆکتار تۆمەتەکانی "دروستکردنی رێکخراوی چەکداری، تێکدانی شیرازەی خێزان، خەڵەتاندنی ئافرەتان" و چەند تۆمەتێکی دیکەی ئاراستە کراوە.
عەدنان ئۆکتار رۆژی 2ی شوباتی 1956 لە ئەنقەرە لەدایک بووە. بە "هاروون یەحیا"ش دەناسرێت و سەرەتا وەکو بانگخواز ناسرا. دواتر شێوازی بانگخوازییەکەی بووە جێی سەرنجی خەڵک. ئۆکتار رۆژانە پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی لەگەڵ ئەو کچ و کوڕانە دەکرد کە بە موریدی خۆی دەیناساندن.
موریدە کچەکانی کە بە "پشیلەکانی عەدنان ئۆکتار" دەناسرێن، بە شێوازی سەرنجڕاکێش و جلی نیمچە رووت دەردەکەوتن. ئەوان عەدنان ئۆکتاریان بە ''مامۆستا''، ''عەشقەکەم'' یان وشەی دیکەی رۆمانسی بانگ دەکرد. ئۆکتاریش لەگەڵ ئەواندا سەمای دەکرد و گۆرانی دەگوت، هەندێکجار قورئانی دەخوێند. ئۆکتار رۆژانە پرسیاری لەبارەی ئایین و سیاسەتی تورکیا ئاراستە دەکرا و وەڵامی دەدایەوە.
بەر لەوەی دەستگیربکرێت، لە ماڵەکەی عەدنان ئۆکتاردا هەمیشە ژمارەیەکی زۆر کچ هەبوون کە لە تورکیا و تەنانەت وڵاتانی دیکەش بووبوونە.
ئەو بەرنامانەی ئۆکتار لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی تایبەت بە خۆیدا پەخش دەکران و هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەبوونە رۆژەڤ.
زۆر جار گەنجان دەیاننووسی: "مامۆستا ئۆکتار دەستێکی لە هەنگویندایە و دەستەکەی دیکەشی لە قەیماخدا!"