رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پارتەکەی دژی گەڕاندنەوەی بەزۆری پەنابەرانی سووریایە. دەشڵێت، پێویستە ستراتیژییەتی دەسەڵات بۆ پرسی کورد لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا ئاشکرا و شەفاف بێت.
ئێوارەی چوارشەممە (10ـی تەممووزی 2024) ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی هەوڵی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا، گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەییە لەگەڵ سووریا و نیازی قوڵکردنەوەی جەنگ نییە، پێویستە پرسی پەنابەرانی سووریا بخاتە رۆژەڤەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی "کەس بە ویست و خواستی خۆی نیشتمانی چۆڵ ناکات بۆ ئەوەی ببێتە پەنابەر لە وڵاتێکی دیکەدا. ئێمەی دەم پارتی زۆر باش لە هەستی راگواستنی زۆرەملێ تێدەگەین کە لە زێدی باب و باپیران دوور دەخرێیتەوە. ئەگەر سیاسەتی نوێی کرانەوەی تورکیا بەڕووی سووریا بەدی بکرێت، دەبێ روون بکرێتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ پەنابەران دەکرێت و چارەنووسیان چی دەبێت؟ تەنانەت دەبێت مەرجەکانی گەڕانەوەی خۆویستانەش بخرێنەڕوو. دەم پارتی بە راشکاوی دژی بەزۆر گەڕاندنەوەی پەنابەرانە بۆ وڵاتەکەیان."
لەبارەی پرسی کورد لە دوای قۆناخی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-دیمەشق، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند "دەبێت ئەوەش روون بکرێتەوە، تورکیا بۆچی لە قوڵایی سووریادایە؟ سیاسەتی داهاتووی بەرامبەر کوردی سووریا چۆن و چی دەبێت؟ ستراتیژییەتی نوێی دوای ئەم چارەسەرییە چی دەبێت؟ ئایا ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن، یان راستەوخۆ دەیانکەنە ئامانج؟"
گوتەبێژی دەم پارتی داوای کرد، پەیوەندییە نوێیەکەی نێوان ئەنقەرە-دیمەشق ئاشکرا و شەفاف بێت.
هەر رۆژی چوارشەممە، موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی هەوڵی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا دوا و پەیامێکی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد. دەرویشئۆغڵو رایگەیاند "لە هەر هەلومەرجێکدا بێت، پێویستە پەنابەرانی سووریا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ