رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆبوونەوەیەکی کاژێر و نیوییان سازکرد.
دوای تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر کۆبوونەوەیان لە بارەگای ئاکپارتی، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-6-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەک پێشتر رایگەیاندبوو، سەردانی بارەگای جەهەپەی کرد و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل پێشوازی لێکرا.
جەهەپە ئاڵای تورکیای بە لۆگۆی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە لە بەردەم بارەگای سەرەکیدا لە ئەنقەرە دانابوو کە ئەمە بووەتە جێی سەرنجی میدیای تورکیا. دوای پێشوازی، ئەردۆغان و ئۆزەل تەوقەیان کرد و وێنەیان گرت.
ئەردۆغان و ئۆزەل لە نهۆمی 12ی بارەگای جەهەپە کۆبوونەوە کە شوێنی تایبەتی سەرۆکی جەهەپەیە. کۆبوونەوەکە کاژێر 4:00 دەستیپێکرد و کاژێر 5:30 کۆتاییهات.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە کۆبوونەوەی نێوانیان تەوەرەکانی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، ئابووری، خانەنشینان و چەند بابەتێکی دیلکە دەخرێنە بەر باس.
ماوەی 18 ساڵ لەمەوبەر کە ئەوکات تازە بارەگای جەهەپە گواسترابووەوە ئەو باڵەخانەیەی ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پیرۆزبایی سەردانی دەنیز بایکاڵ، سەرۆکی ئەوکاتی جەهەپەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ