زبڵ و خاشاک زیانی گەورەیان بە ژینگەی شەمزینان گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ 

زبڵ و خاشاک، رێگەی نێوان ناوچەکانی شەمزینان و رووبارۆک لە باکووری کوردستانیان داپۆشیوە، کە لە هەمان کاتدا رێگەیەکی نێودەوڵەتییە و دەگاتە دەروازەی سنووریی رووبارۆک و زێتێ.
 
فڕێدانی خاشاک، کێشەیەکە سەڵانە بەردەوام لە ناوچەکە دووبارە دەبێتەوە. ئەو زبڵ و خاشاکە زۆرجار دەکەوێتە نێو ئاوی رووباری حاجی بەگ و ئاوە پیسبووەکە هەتاوەکو موسڵ و بەسڕەش دەچێت.
 
ئادەم، ماسیگرە و دەڵێ پێشتر لە رووبارەکە ماسیی نیو کیلۆییشیان راوکردووە، "بەڵام ئیدی ماسی نەماوە."
 
ئادەم ئۆپەنگینی ماسیگر بە رووداوی گوت "ئێمە نرخی وڵاتی خۆمان نازانین، زۆر کەس قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام کەسیان کاری لەسەر ناکات، پێشتر ماسیی گەورەمان لێرە راودەکرد، ئێستا ماسی نەماوە."
 
بابەتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەسەر رێگەی شەمزینان و رووبارۆک بووەتە رۆژەڤ. سەبری ئۆزەل، بازرگانێکی خەڵکی ناوچەکەیە و راپۆرتێکی تایبەتی لەبارەی ئەو بابەتە ئامادەکردووە، بەپێی راپۆرتەکەی زبڵ و خاشاکی سەر رێگەکە دەبنە هۆی پیسبوونی ئاو و ژینگە، ناوچە گەشتیارییەکانی شەمزینانیش بەهۆیەوە لە مەترسیدان.
 
مورادخان شەمزینی، یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتەکە دەڵێ "بە پشتگیریی سەبری ئۆزەل، یەکێک لە بازرگانەکانمان راپۆرتەکە ئامادەکراوە، کە 28 لاپەڕەیە. زیاتر وێنە و ڤیدیۆی تێدایە، راپۆرتەکەمان بۆ چەند وەزارەت و لایەنێکی پەیوەندیدار لەوانە وەزارەتی ژینگە ناردووە."
 
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، شارەوانیی شەمزینان بەشێکی زبڵ و خاشاکەکەی پاککردووەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری ماوە، ئێستاش گفتوگۆ لەسەر ئەوەیە؛ 'کێ لەو شوێنانە فڕێیداون و پێویستە کێ پاکیبکاتەوە؟'
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی شەمزینان لە شوێنێکی پاککراوە لە زبڵ و خاشاکەکە، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ نەهێشتنی ئەو زبڵ و پیسییە.
 
عارف یڵماز، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی شەمزینان گوتی "وەک دیارە لێرە کارمان کردووە و بەشێکی خاشاکەکەمان پاککردووەتەوە، با کارەکەمان دیار بێت، ئێمەش ناخوازین ناوچەکەمان پیس بمێنێتەوە، ئەو بەشەی ماویشە، لە رۆژانی داهاتوودا وەک کەمپەینێک بە هاوکاریی خەڵک دەست بە پاککردنەوەی دەکەین، بە ویستی خوا تاوەکو 10 بۆ 15 رۆژی دیکە هەمووی پاکدەکرێتەوە." 
 
ئەو شوێنەی زبڵ و خاشاکەکەی لێ کۆبووەتەوە، لە هەمان کاتدا دەکەوێتە نزیک گوندی نەهرییە، کە وەک شوێنێکی ئایینی و پیرۆز ساڵانە ژمارەیەک گەشتیار سەردانی گۆڕی سەید تەها دەکەن لە گوندەکەدا.