راپرسییەک: زۆربەی جەهەپەییەکان حەزدەکەن ئیمامئۆغڵو ببێتە سەرۆکی حیزبەکەیان

11-06-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن جەهەپە ئیمامئۆغڵو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای شکستی لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، جارێکی دیکە خەونەکانی کڵچدارئۆغڵو بۆ بوونە سەرۆککۆمار نەبوونە راستی، ئێستا پۆستە حیزبییەکەشی کەوتووەتە مەترسییەوە.
 
بەشێک لە بەرپرسان بە ئاشکرا داوا لە کڵچدارئۆغڵو دەکەن، پۆستەکەی جێبهێڵێت و دەرفەت بە کەسانی لێهاتووتر بدات.
 
تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵوو لەسەر لیستی جەهەپە، ئێوارەی شەممە تویتێکی بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە "هەتا بەڕێز کڵچدارئۆغڵو نەڵێ؛ منیش بەشێکم لە گۆڕانکارییەکان، من بێدەنگ نابم... لەپێناوی کورسی بێدەنگ نابم... ئەگەر پێویست بێت، منیش پشکی خۆم لەم گۆڕانکارییە وەردەگرم".
 
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسیی ناوەندی شانڵی کە رۆژانی 1 تاکو 6ـی حوزەیران سەبارەت بە سەرۆکایەتیی جەهەپە کردوویەتی، 49.3٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە لەگەڵ ئەوەدان ئیمامئۆغڵو ببێتە سەرۆکی گشتیی جەهەپە. 
 
موحەڕەم ئینجە، ئێستا سەرۆکی پارتی مەملەکەتە و هەر لەسەر رکابەریی سەرۆکایەتی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو جەهەپەی جێهێشت، 12.2٪ـی بەشداربووانی راپرسیەکە حەزدەکەن ببێتە سەرۆکی گشتیی جەهەپە. 8.3٪ـی بەشداربووانی دیکەی راپرسییەکە، داوادەکەن مستەفا ساریگول، سەرۆکی پارتی گۆڕانی تورکیا ببێتە سەرۆکی گشتیی جەهەپە. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، ئێستا سەرۆکی گشتییە لە راپرسییەکەدا 5.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەروەها تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵوو کە لە پشکی جەهەپەیە، 4.2٪ـی دەنگەکانی هەیە. یەکێکی دیکەش لەو کەسایەتییانەی چاوەڕێ دەکرا ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەیە. یاڤاش لەو راپرسییەی ناوەندی شانڵی 3.4٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە. هەروەها 9.8٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە بێ بڕیارن. 7.3٪ـشیان داوای کەسانی دیکە دەکەن.
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە کاتی بانگەشەدا بەردەوام لە شارەکاندا کۆبوونەوەی جەماوەریی رێکدەخست و پشتیوانیی لە کڵچدارئۆغڵو دەکرد، لەگەڵ گۆڕانکاریدایە.
 
ئیمامئۆغڵو تەنیا رۆژێک دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار قسەیکرد و گوتی "گۆڕان لە هەموو گۆڕەپان و دۆخێکدا پێویستە. لەمەودوا چاوەڕێ ناکەین هەمان کار بکەین و ئەنجامی جیاواز ببینین".
 
سەرەڕای هەموو گوشارەکان، کڵچدارئۆغڵو نایەوێ دەستلەکاربکێشێتەوە و رۆژی 5-6-2023 ژمارەی ئەندامانی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی جەهەپەی لە 18ـوە بۆ 15 کەمکردەوە و تەنیا 5 لە ئەندامەکانی پێشوو ماونەتەوە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ساڵی 2010ـەوە سەرۆکی گشتیی جەهەپەیە. جەهەپە لە گشتپرسی و هەڵبژاردنی ساڵانی 2010، 2011، 2014، 2015، 2017، 2018، 2019 و 2023، نەیتوانیوە لەبەرامبەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ـدا بباتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە