رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی بازرگانیکردنی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردبێتەوە و دەشڵێت، "بانگەشەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل خەیاڵە و دوورە لە راستییەوە."
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا، کە ئێستا بۆ بەشداریکردن لە 39یەمین کۆنفرانسی بازرگانیی ئەمریکی - تورکی، لە واشنتنە، وەڵامی لێدوانێکی یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی دایەوە کە گوتبووی، "تورکیا گەمارۆکانی بۆ سەر ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە و سنووردارکردنی کاڵاکانیشی هەڵگرتووە."
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لێدوانێکی دا کە لەگەڵ رژدبوونی ئێمە ناگونجێت. کاتز، تەنیا بە زمانی عیبری قسەکەی بۆ رای گشتیی ئیسرائیل و لایەنگرانی سیاسیی خۆی کردووە. ئەوەیشی گوتوویەتی، تەنیا خەیاڵە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە راستییەوە نییە. هەروەها لەگەڵ رژدبوونی دەوڵەتداریدا ناگونجێت."
بۆڵات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەڵوێستی تورکیا لەوبارەیەوە روونە. لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی باڵا لە ھەوڵی چڕدان بۆئەوەی ھەرچی زووە ھێرشەکانی سەر غەززە رابگیرێن. گوتیشی، "تورکیا ئامادەیە بۆ راگرتنی خوێنڕشتن زۆر شت بکات. راگرتنی بازرگانیکردنمان لەگەڵ ئیسرائیل یەکێکە لەو هەنگاوانەی گرتوومانەتەبەر."
لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا و ئەمریکا هەڵوێستێکی پێداگرانەیان نیشانداوە لەبارەی زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و زیاتر پێشخستنیان.
ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا و ئەمریکا زیاتر لە 70 ساڵە هاوپەیمانن و هەرچەندە جاروبار لە بواری سیاسی و ئابووریدا گرژی دروست دەبێت، بەڵام قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات زیادیکردووە.
رۆژی 2ی ئایاری 2024 وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا راگرتنی تەواوی بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەرجەم ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئیسرائیلمان دەکرد و ئەو کاڵایانەی لە ئیسرائیل هاوردە دەکران، راگرتووە."
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوەش کردبوو، رۆژی 9ـی نیسانی 2024 قۆناخی یەکەمی سنووردارکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل جێبەجێکرد. تێیدا هەناردەکردنی 54 بەرهەم و کاڵامان بۆ ئیسرائیل قەدەخەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ