رووداو دیجیتاڵ
لە کاردانەوەی کوژرانی بەڕێوەبەری دواناوەندییەک بە دەستی قوتابییەکی بە رەچەڵەک عێراقی لە ئیستەنبووڵ، سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی گرتنەبەری رێکاری تووند دەدات لە دژی هەر کەسێک، کە ئازاری مامۆستایان بدات و دەڵێت، "بە زووترین کات پرۆژەیاسایەک پێشکێشی پەرلەمان دەکەن بۆ پاراستنی شکۆ و گیانی مامۆستایان."
نیوەشەوی رابردوو 10ی ئایاری 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوی کوشتنی مامۆستا ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەڕێوەبەری دواناوەندی ئەنادۆڵ لە ناوچەی ئەیوب سوڵتان لە ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە، کە رۆژی 7ی مانگ بەدەست (یوسف ک.) قوتابیی بە رەچەڵەک عێراقی بە دەمانچە کوژرا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان نووسیویەتی، "پاراستنی شکۆ، رەنج، پێگەی نێو کۆمەڵگە و ماندووبوونی مامۆستایان، کاری هەرە لەپێشینەمانە. لەسەر ئەم بنەمایە بە زووترین کات پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە مامۆستایان پێشکێشی پەرلەمان دەکەین. لە بڕگەکانی پرۆژەیاساکەدا رێکاری تووند و تۆڵ دەخەینەڕوو لەپێناو پاراستنی شکۆ و گیانیان. سزای تووند بەسەر هەر کەسێک دەسەپێنین ئازاریان بدات."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، لە یاسای سزادانی تورکیادا بڕگەی تایبەت بۆ سزادانی ئەوانەی دەبنە مەترسی بۆ سەر مامۆستایان دەگیرێتەبەر، تێیدا بڕگەی تووند و سزای قورس بەسەریاندا دەسەپێندرێت.
وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر کوشتنی بەڕێوەبەری دواناوەندییەکەی ئیستەنبووڵ، رۆژی (10ـی ئایاری 2024) لەسەر بانگهێشتی هاوبەشی سەندیکای پەروەردە (ئەیتیم-سەن)، سەندیکای گشتی پیشەگەرانی پەروەردەیی (ئەیتیم-ئیش)، سەندیکای فەرمانبەران (مەمور-سەن) لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، مامۆستایان یەک رۆژ بایکۆتی دەوامیان کرد. هەروەها رێپێوانیان بۆ بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کرد و تاجەگوڵینەی رەشیان لەبەردەم دەرگەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا دانا.
مامۆستایان؛ دروشمەکانی "ئیدی بەسە" و "با شکۆ و گیانی مامۆستا بپارێزرێت" و "لەبەردەم سوکایەتی، بێڕێزی، ئازار و ئەشکەنجەدان بێدەنگ بوون، تا رووبەڕووی مەرگ بووینەوە. کەی بەرگریمان لێدەکەن؟ چۆن دەمانپارێزن؟" و "ئەمجارە دەستی تاوانی کۆچبەر و پەنابەران مامۆستایانی گرتەوە" و "مەترسی لەسەر گیانمان هەبووە و هەیە" بەرزکردەوە.
بەشێکی زۆری لقی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانی سەندیکای پارێزەران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە رێپێوانەکە بەشداربوون.
کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی (7ـی ئایاری 2024) قوتابییەک بەناوی (یوسف ک.) کە بەرەچەڵەک هاووڵاتیی عێراقییە، لە ناوچەی سوڵتان ئەیوب لە ئیستەنبووڵ بە دەمانچە تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کردووە و کوشتی. قوتابییەکە لە 11مین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکرا و بە بەندکردن سزا درا و رەوانەی گرتووخانە کرا.
ئەو قوتابییە کە پێنج مانگ لەمەوبەر "بەهۆی لادانی لە رێسای پەروەردەیی و هەڵسوکەوتی نادروست دەرکراوە"، بە دەمانچەوە چووەتە ژووری ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەرێوەبەری قوتابخانە و سێ گولـلەی پێوەناوە. قوتابییە عێراقییەکە رایکردووە. مامۆستاکان کە گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، چوونەتە ژووری بەڕێوەبەر و پەیوەندییان بە تیمی تەندروستییەوە کردووە.
سێ کاژێر دوای رووداوەکە، قوتابی (یوسف ک.) لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵە، لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بووە. هاوکات پۆلیس باس لە بوونی تۆمەتی دیکە لەسەر ئەو قوتابییە عێراقییە دەکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی پۆلیس، قوتابییەکە کانوونی یەکەمی پار تووشی کۆمەڵێک کێشە بووە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی. دواجار بە بڕیاری قوتابخانە لە خوێندن دەرکراوە و لە وەرزی خوێندنی 2023-2024 بێبەشکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ