رووداو دیجیتاڵ
نیوهڕۆی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فهرمی بۆ بهشداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتاڵیا، به سهردانێک گهیشته تورکیا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ههر لە میانی سهردانهکهیدا، ئێوارهی ئهمڕۆ سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدهبێتهوه، هەروەها له پهراوێزی کۆڕبهندهکهدا، لەگەڵ ژمارهیهک له بهرپرسانی باڵای وڵاتان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت."
ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان له کۆڕبهندهکهدا بهشدارن که تا 13ی ئهم مانگه دهخایهنێت. تیایدا دەربارەی پرسە هەنووکەییەکانی جیهان، کێشە و ئاڵۆزییەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان گفتوگۆ دەکەن و بیروڕا دهگۆڕنهوه.
ئەمڕۆ هەینی، 11ـی نیسانی 2025، چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا (ADF2025) دەستپێدەکات؛ لە رۆژانی 11-13ـی نیسان لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ناونیشانی "بەردەوامبوون لەسەر دیپلۆماسی لە جیھانێکی دابەشکراودا" بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە چوار هەزار میوانی نێوخۆیی و بیانی لەنێویاندا 20 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 50 وەزیری دەرەوەی وڵاتان، 70 وەزیری دیکەی وڵاتان، 60 نوێنەری باڵای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری لە کۆڕبەندەکەی ئەم ساڵدا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو 20 سەرۆک و سەرکردەیەدایە کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکە پێشکێش بکات.
لە ماوەی هەر سێ رۆژەکەدا 52 پانێڵ بەڕێوەدەچن. ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکرێت، وەک گۆڕانی کەشوھەوا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایشی خۆراک و ژیریی دەستکرد.
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021. دووەمین کۆڕبەند لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022. ساڵی 2023 بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو. سێیەمین کۆڕبەندیش لە رۆژانی 1 تاوەکو 3ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو.
ماڵپەڕی کۆڕەبەندەکە لەبارەی ئەجێندای ئەم ساڵ رایگەیاندووە: "زیادبوونی کەلێنە جیۆپۆلەتیکییەکان، قووڵبوونەوەی نایەکسانی جیهانی، زیادبوونی تووندوتیژی کە هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج، نەبوونی لێبووردەیی بەرامبەر بیروبۆچوونە جیاوازەکان، نادڵنیاییەکانی بەرهەمی شڵەژانە تەکنەلۆژییەکان و کاریگەرییە فرەڕەهەندەکانی قەیرانی ژینگەیی، هەموویان هەستی هاوبەشی دادپەروەرییان تێکداوە و متمانەیان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز کردووە. ناتوانایی سیستمی نێودەوڵەتی ئێستا لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم ئاڵنگارییە هاوچەرخانە، زیاتر گوشاری خستووەتە سەر هەوڵەکانی هاوکاری کە پێشتریش گرفتار بوون."
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەرکردە جیهانییەکان، سیاسەتڕێژان، ئەکادیمییەکان، پسپۆڕانی بازرگانی و هەروەها نوێنەرانی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن دیپلۆماسی دەتوانێت رەوتەکە بگۆڕێت و رێنماییمان بکات لە جیهانێکی دابەشبوودا بۆ دۆزینەوەی زەوینەیەکی هاوبەش بۆ کاری بەکۆمەڵ.
ئامانجی کۆڕبەندی ئەم ساڵی ئەنتاڵیا وەک لە ماڵپەڕەکەیاندا باسکراوە، "هاندانی گفتوگۆیە بۆ پێناسەکردنەوەی رۆڵ و بنەما سەرەکییەکانی دیپلۆماسی لە کەشێکی زیاتر جەمسەرگیردا. لە رێگەی گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارە رەسەنەکانی کێشە جۆراوجۆرەکان، کۆڕبەندکە سیاسەتڕێژان هاندەدات بیر لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەم سەردەمە شڵەژاوە لەلایەن دیپلۆماسییەوە بکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ