تاتڵیسەس بێدەنگیی شکاند: پرسی من تورکیا، رووها و ئەردۆغانە

11-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەندی بەنێوبانگی تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیسەس خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر کردبوو، بەڵام ناوەکەی پەسندنەکرا. تاتڵیسەس بێدەنگیی شکاند و رایگەیاند، پرسی ئەو پرسی تورکیا و رووها و ئەردۆغانە، ئەوی دیکە بەلایەوە گرنگ نییە.   
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس، رۆژی 18ـی ئاداری 2023 رایگەیاند، خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها-ی باکووری کوردستان بەربژێر کردووە، کەچی رۆژی 9ـی نیسانی 2023، کاتێک لیستی بەربژێرەکانی ئاکپارتی ئاشکرا کرا، ناوی ئەو لە لیستەکەدا نەبوو. 
 
بەربژێرنەکردنی تاتڵیسەس لە لیستی ئاکپارتی بووە باس و خواسی میدیاکانی تورکیا و دوای سێ رۆژ، ئیبراهیم تاتڵیسەس بێدەنگیی شکاند. ئەو لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر نووسیویەتی: "پرسی من، پرسی تورکیایە، پرسی ئورفایە، پرسی بەڕێز ئەردۆغانە، ئەوی دیکە بەلامەوە گرنگ نییە کێ چی گوت."   
 
ئەو هونەرمەندە تەمەن 71 ساڵە راشیگەیاندبوو، سەرۆککۆماری تورکیای زۆر خۆش دەوێت و دەخوازێت پاڵپشتیی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش خۆی لە بازنەی رووها لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ئەمساڵ وەک بەربژێر تۆمارکردووە. بەڵام ئەمجارەش رێگەی پێنەدرا خۆی بەربژێر بکاتەوە. 
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا شەش جار چانسی خۆی تاقیکردەوە، بەڵام لە هیچکامیان سەرنەکەوت. 
 
یەکەم: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1991 لەسەر بازنەی رووها وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێرکرد، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا. 
 
دووەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2007دا لەسەر لیستی گەنج پارتی لەسەر بازنەی ئیستەنبووڵ خۆی بەربژێرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەنج پارتی بەربەستی 10٪ تێنەپەڕاند، ئەویش سەرنەکەوت. 
 
سێیەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2011دا لەسەر لیستی ئاکپارتی خۆی بەربژێرکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئاکپارتی کشایەوە و وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ خۆی بەربژێرکردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کشانەوەی دا. 
 
چوارەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2015دا لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها خۆی بەربژێرکرد، بەڵام پەسند نەکرا. 
 
پێنجەم: لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی ئیزمیر خۆی بەربژێرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ریزبەندی حەوتەمی بەربژێرەکانی شاردا بوو، بڕیاری کشانەوەیدا، ئەردۆغان رێگریکرد لە کشانەوەی، دیسان بەربژێرکردنەکەی پەسند نەکرا. 
 
شەشەم: لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری 2023 خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها بەربژێرکرد، بەڵام مەکتەبی رێکخستنەکان و هەڵبژاردنەکانی ئاکپارتی، بەربژێربوونیان پەسند نەکرد و ناوی لە لیستی ئاکپارتی نەبوو کە پێشکێشی دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرا بوو. 
 
لە دوایین سەردانی ئەردۆغان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 بۆ رووها بەمەبەستی کردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری، تاتڵیسەس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و گۆرانی گوت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە