رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا کەسێک لە ئیستەنبووڵ کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
رووداوەکە نیوەشەوی رابردوو لە گەڕەکی باریش سەر بە ناوچەی بەیلیکدوزو روویدا، کاتێک چوار کەس لەکاتی دەرچوونیان لە کافتریایەک لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون. یەکێک لە بریندارەکان لە هۆڵی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.
هۆکاری هێرشەکە نەزانراوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەکەش بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی 2023ی دەزگای ئوموت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی خاوەندارێتی چەک لە تورکیا، پار سێ هەزار و 773 تاوانی کوشتن بە چەک لە تورکیا و باکووری کوردستان کراون و لەو تاوانانەدا دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و سێ هەزار و 820 کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی دەزگای ئوموت، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەیە. لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە."
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2022ی دەزگای ئوموت، لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ