پارتەکانی تورکیا چاویان لە دەنگی کوردە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

12-03-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
هەدەپە و هوداپار بە دوو ئاراستەی جیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن
هەدەپە و هوداپار بە دوو ئاراستەی جیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا هەدەپە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هوداپار، پشتگیریی خۆی بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاند و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـش لە دەرەوەی دوو هاوپەیمانییە رکابەرەکەی تورکیا، ئامادەکاری بۆ بانگەشە دەکات.
 
زەکەریا یاریجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار گوتی "بۆ هەڵبژاردنی 2023ـی سەرۆکایەتیی کۆمار، بڕیارماندا پشتیوانی لە بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور، بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆغان بکەین".
 
رۆژی 10-3-2023 بە واژۆی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 14-5-2023 وەکو رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا دیاریکرا و ئەردۆغان گوتی، "هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا کە بڕیار بوو 18ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت، گۆڕدرا بۆ 14ـی ئایار و واژۆم لەسەر بڕیارەکە کرد".
 
هەدەپە لەڕێی هاشتاگی ئێمە ئامادەین ئامادەیی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکە نیشاندا. پارتی دیموکراتی گەلان لە توویتەرەوە رایگەیاند "رۆژی هەڵبژاردن دیاریکرا. لەپێناو بونیاتنانی ژیانێکی نوێ و بەرزکردنەوەی دیموکراسی، ئاشتی، رەنج و ئازادی، هەروەها بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، ئێمە ئامادەین".
 
هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدا بڕیاری لەسەر درا، کە نزیکەی 10 رۆژ ماوە بۆ جەژنی نەورۆز و هەدەپە یادی ئەم نەورۆزە بە شێوازێکی تایبەتتر دەکاتەوە.
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەڵێ "ئێمە دەزانین ئەم دەسەڵاتە دوژمنی کوردە و دوژمنی ئاشتییە، دەشزانین دژی ژنانە و قەییووم جێبەجێ دەکات. ئێمە لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزەوە نیشانی دەدەین، ناتوانن بەمجۆرە درێژە بە سیستمەکە بدەن".
 
هەدەپە تائێستا بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نییە و، گفتوگۆی لەوبارەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بەردەوامە.
 
بەگوێرەی نوێترین راپرسی، کە ناوەندی ئاکسۆی ئەنجامی داوە: ئاکپارتی 32.1٪، جەهەپە 27.3٪، ئیی پارتی 13.6٪،  هەدەپە 12٪، مەهەپە 6.8٪، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن 0.9٪، پارتی سەعادەت 0.8٪ و پارتی ئاییندە 0.7٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، لەکاتێکدا 5.8٪ـی دەنگەکان بە ئەوانی دیکە تۆمارکراوە.
 
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو؛ هەدەپە 5 ملیۆن و 866 هەزارو 309 دەنگی هێنا کە 11.7٪ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. هەروەها هوداپار 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، ئەمەش 0.31٪ـی کۆی گشتیی دەنگەکانی تورکیا بوو.
 
رۆژی 28-5-2023 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆککۆماریی تورکیا بەڕێوەدەچن. ئەگەر سەرۆککۆمار لە خولی یەکەمدا یەکلایی نەبووەوە، رۆژی 28-5-2023 خولی دووەم لەنێوان یەکەمین و دووەمین بەربژێر بەڕێوەدەچێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە