رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی کوردانی باکووری کوردستان قسەیکرد، هەموو کوردی بە تورک ناوبرد و رەتیکردەوە شتێک بەناوی گەلی کورد هەبێت.
بەرنامەکە رۆژی شەممە، 10-2-2024، لە کەناڵی Akit tv بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێشکێشکرا. ئەگەرچی تەوەری بەرنامەکە تایبەت بە گەلی کورد و مێژووی کورد نەبوو، بەڵام ئەحمەد چاکار، پەرلەمانتاری پێشووی مەهەپە لە باسە سەرەکییەکە لایدا و رەخنەی لە میوانێکی دیکەی تورک گرت کە گوتبووی "گەلی کورد". ئەحمەد چاکار لەمبارەیەوە گوتی: "لەو ناوچەیەدا خەڵکێک هەن کە بەڕەچەڵەک کوردن و بە زمانی کوردی قسەدەکەن، بەڵام رۆڵەی رەسەنی تورکن. تەنانەت لەو زمانە کوردییەی ئەواندا 5000 وشەی تورکی هەیە. گەلێک نییە بە ناوی کورد. کورد بەشێکی دانەبڕاوی گەلی تورکن و رۆڵەی رەسەنی تورکن. گەلێکی جیاواز لە ئارادا نییە. جیاکردنەوەی کورد لە ئێمە بێنامووسییە، بێشەرەفییە و سپڵەییە".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی مەهەپە پێیوایە دەستەواژەی "گەلی کورد" لەگەڵ یاسا، کۆمەڵناسی و دەروونناسی ناگونجێت، هەروەها گوتی: "ئەمە لەگەڵ راستییەکانی مێژووش ناگونجێت. چۆن دەبێت باسی لە گەلێکی جیاواز بکرێت و بگوترێت گەلی کورد؟ تەنانەت ئەمەش تاوانە".
ئەحمەد چاکار هەروەها رایگەیاند پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشی کردووەتە سەر ئەو گوندانەی بە رەسەن کوردن، بەڵام خۆیان لەو گوندانە لاداوە کە گوایە ئەرمەنی بوون و دواتر بوونەتە کوردنشین.
ئەم گوتانەی ئەحمەد چاکار نەک لەگەڵ مێژووی کورد ناکۆکە، بەڵکو لەگەڵ لێکۆڵینەوە و گوتەی مێژووناسە تورکەکانیش یەکناگرێتەوە؛ ئیلبەر ئۆرتایڵی، نووسەر و مێژوونووسی تورک لە بەرنامەیەکی کەناڵی خەبەرتورک وەڵامی پرسیارێکی لەمبارەیەوە دایەوە و گوتی: "کوردەکان و ئەرمەنەکان زۆر پێش تورکەکان هاتوونەتە ئەنادۆڵ. مێژووی نووسراوی ئەرمەنەکان لە سەدەی چوارەم دەستپێدەکات، بێگومان ئەوان پێش ئەوکاتەش لێرە بوون. کوردەکانیش زۆر دەمێکە لێرەن، تەنانەت دیاریکردنی کاتی نووسینی ئەوان، هێندە ئاسان نییە".
ئەمە یەکەمین لێدوانی لەمجۆرە نییە لەلایەن بەرپرسانی مەهەپە سەبارەت بە کورد. مەهەپە پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکپەرستە. ئاکپارتی کە ئێستا هاوپەیمانی مەهەپەیە، ئەم جۆرە لێدوانانە لە بەرپرسانی ئاکپارتی نابینرێت، بگرە لە نێو ئاکپارتیدا کورد پۆستی باڵای لە حزب و حکومەتدا پێدراوە.
ئەردۆغان: وشەی کورد و کوردستان لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال و دۆسیەکانی پەرلەمان هەیە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ساڵی 2013 سەرگەرمی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد بوو و ئەوکاتە جەهەپە و مەهەپە دژایەتییان دەکرد. ئەردۆغان لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئەمڕۆ مەهەپە و جەهەپە دژایەتی ئەمە دەکەن. با بڕۆن دۆسیەکانی سەرەتای دامەزرانی پەرلەمان بخوێننەوە، رووبەڕووی هەموو ئەو شتانە دەبنەوە کە ئێستا دژایەتی دەکەن. لە سەرووی هەمووشیانەوە لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال دەیبینن. دەبینن کە وشەی کورد لەم پەرلەمانە بەکارهێنراوە. وشەی کوردستان لە دۆسیەی ئەم پەرلەمانە دەبینن".
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 9-2-1969 لەلایەن ئاڵپئارسڵان یورکێش دامەزراوە. دروشمی ئەو پارتە سێ مانگی هیلالی رەنگ سپییە لە نێو بازنەیەکی سووردا. مەهەپە پارتێکی راستڕۆیە و ئایدۆلۆژیاکەی نەتەوەیی تورکچییە. مەهەپە لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیادا 49 کورسیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ