لە پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی باکووری کوردستان و تورکیا نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە "تاوانەکانی بوومەلەرزە" دامەزران

11-02-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دادی تورکیا بۆ دامەزراندنی 'نووسینگەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بوومەلەرزە' نووسراوێکی ئاراستەی داواکاری گشتیی ئەو پارێزگایانە کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری تاوانەکان لە وەزارەتی داد، نووسراوێکی بە ناونیشانی "لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی رووداوی بوومەلەرزەکەوە رووخان" ئاراستەی سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگەی سزا قورسەکان کرد.
 
ئاماژە بەوە کراوه‌، ئەم راگەیاندنە بۆ ئەو مەبەستە ئاراستە کراوە تاوەکو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە سەبارەت بە رووخانی باڵەخانەکان لە بوومەلەرزەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بە شێوەیەکی کارا بەڕێوەبچێت.
 
لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە گرنگە لەو لێکۆڵینەوانەی کە باسیان لێوە دەکرێت بە خێرایی رێکارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە سەبارەت بە باڵەخانەکان و تۆمەتباران ئەنجام بدرێت.
 
داواشکراوه‌، دژ بەو تاوانانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ئاشکرابوون، نووسینگەکانی لێکۆڵینەوە لە "تاوانەکانی بوومەلەرزە" لە سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتی دابمەزرێنرێت.
 
هەروەها جەخت لەوە کراوتەوە کە پێویستە بە رەچاوکردنی کارەکانی رزگارکردن، لیژنەیەک لە کەسانی پسپۆڕ لە بواری تەلارسازی و جیۆلۆجی و ئەندازیاری شارستانی، پێکبهێندرێت بەمەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەی دروست و تەواو و ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ. 
 
لە نووسراوەکەدا داوای هەستیاری و هۆشیاریی کراوە لە بابەتی دەستنیشانکردنی بەڵگەکان لە شوێنی رووداوەکان بە ئامادەبوونی کەسانی پسپۆڕ و بە چاودێریی داواکاری گشتی و تۆمارکردنی زانیارییەکان لە راپۆرتەکەدا. 
 
هەروەها راگەیێندراوە کە پێویستە رێکارەکانی سامپڵ وەرگرتن و شیکاری لەلایەن ئەو تاقیگانە ئەنجام بدرێت کە لەلایەن وەزارەتی ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی کەشوهەوا مۆڵەتیان پێدراوە. داوای تەواوی زانیارییەکان وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی باڵەخانە رووخاوەکان کراوە، هاوکات زانیاریی لەسەر بەڵێندەر و ئەندازیاری بەرپرس لە بونیاتنانی باڵەخانەکان داوا کراوە.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر بوو، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 22 هەزار و 327 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 278 کەس بریندار بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە