لە سەمسوور قوربانییانی بوومەلەرزە لە گۆڕی بەکۆمەڵ بەخاک دەسپێردرێن

 

رووداو دیجیتاڵ 

لەو شار و شارۆچکانەی باکووری کوردستان کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون، تادێت رووبەری گۆڕستانەکان فراوانتر دەبێت. یەکێک لەوانە گۆڕستانی سەمسوورە کە بەهۆی زۆریی گیانلەدەستدان، قوربانییەکانی بوومەلەرزە لێی، بەبێ شووشتن و کفن و بەشێکیشیان بەبێ ناو، لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک دەسپێردرێن. 
 
کامێرای تۆڕی میدیایی رووداو دیمەنی ئەو گۆڕستانەی تۆمار کردووە، کە 15 ئۆتۆمبێل تێیدا بەبێ وەستان خەریکی کارن؛ بەشێکیان خەریکی گۆڕهەڵکەندنن بۆ ئەوانەی لەئاکامی بوومەلەرزەکانی دووشەممەی رابردوو گیانیان لەدەستدا، بەشێکیشیان خۆڵیان بەسەردا دەکەن.
 
بەسێ توونچ، هاونیشتمانییەکی سەمسوورە و دەڵێ "بووکەکەم نەما. کوڕەکەم نەما. هیچ نەما؛ نە پارە نە هیچ شتیکمان ما. نە شۆردران و نە هیچ، هەر بەمشێوەیە ژێرخاک کران".
 
سیجان توران، هاووڵاتییەکی دیکەی سەمسوور باس لەوە دەکات دوو کەسی بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە "یەکێکیان خوشکمە و ئەوەی دیکەش کوڕەکەی بوو. یەکێکیان لێرە و ئەوەی دیکە لەولا شاردراونەتەوە. ئێمە، هیچمان لە تەرمەکانیان نەکرد، تەنیا بەتانیمان لێ پێچان".
 
بە بڕیاری فەرمی، ئەو تەرمانەی خاوەنیان دیار نییە، لەدوای 24 کاژێر، دەنێژرێن. لە گۆڕستانەکە ریز بە ڕیز چاڵ هەڵکەنراوە و لەنێو هەریەک لەو چاڵانەشدا نزیکەی 500 تەرم بە جێگا و بەتانی لێپێچراوەوە، دەنێژرێن. مەلا و پیاوانی ئایینیش بانگەوازی ئەوە دەکەن، ماڵباتەکان دڵیان ئارام بێت و خەم لەو شێوە ناشتنە نەخۆن.
 
عەبدوڵڵا یەڵماز، مامۆستای ئایینی لە رێگەی رووداوەوە باسی ئەو شێوازەی ناشتن دەکات و دەڵێ "ئەم شێوازە لە ئایینی ئێمە و لە رابردوودا، لە کاتی شەڕدا کراوە. شتێک نییە لەدەرەوەی رێوڕەسمی ئایینی بکرێت، لەبەرئەوەش با دڵی کەسوکاری گیانلەدەستدراوان ئارام بێت، بەهیچ شێوەیەک تەرم بەبێ رێوڕەسمی ئایینی بەخاک ناسپێردرێت، با دڵی خوشک و براکانمان ئاسوودە بێت".
 
لەسەر هەر تەرمێک کێلێک و لەسەر هەریەک لەو کێلانەش ژمارەیەک، ئەگەر هەشبێت، ناوێک نووسراوە. لە رۆژی شەشەمی دوای بوومەلەرزەکان ژمارەی قوربانییان لە سەمسوور گەیشتووەتە چوار هەزار و، بەهەزاران کەسیش لەژێر داروپەردوودا ماون، لەبەرامبەریشدا رکابەریی سنووری گۆڕستان و شارەکە بەردەوامە.