دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەبارەی دۆسیەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی کۆنیا بەڕێوەدەچێت

11-02-2022
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن کۆنیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەبارەی دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانێکی کوردی پارێزگای کۆنیای تورکیا بەڕێوەدەچێت. 
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆنیا رایگەیاند، کاژێر سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 11ی شوباتی 2022 لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوژرانی ئەندامی ئەو خێزانە کوردە دەستیپێکرد.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا بوون. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکانیان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کوژێندرایەوە. 
 
بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بکوژەکەوە 13 کەس دەستگیرکران، دوای چەند هەفتەیەک دایک و باوک و هاوژینی بکوژەکە و دواتریش گومانلێکراوەکانی دیکە ئازاد کران. 
 
محەممەد ئاڵتون کە بە دەمانچە ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری کوشت، لەگەڵ کەسێكی دیکەدا لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن. 
 
یەکەمین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا بەڕێوەچوو. 
 
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی توندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە. 
 
لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە