(رووداو) كۆنووسەكانی ئیمرالی بڵاودەكاتەوە

11-02-2016
هێمن خۆشناو
نیشانەکردن ئۆجەلان ئامرلی
A+ A-

رووداو- هەولێر

پەرتووكی "كۆنووسەكانی ئیمراڵی" پەردە لەسەر بەشێكی زۆری لایەنە شاراوەكانی گفتوگۆی نێوان شاندی هەدەپە و ئۆجەلان لە ئیمراڵی لەلایەك و دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆجەلان لەلایەكی دیكە هەڵدەداتەوە.

لەو پەرتووكەدا گفتوگۆیەكی نێوان ئۆجەلان و ئەردۆغان لە رێگەی شاندەكانەوە بڵاوكراوەتەوە. ئەردۆغان پەیامێكی بۆ ئۆجەلان ناردووە كە دەڵێت "هێڵی سووری ئێمە ئەوەیە رێگە نادەین قەوارەیەكی هاوشێوەی باكووری عێراق لە سووریا دروست ببێ‌". ئۆجەلانیش لەوەڵامدا دەڵێت "هێڵی سووری ئێمەش نەگەڕانەوەی كوردە بۆ باوەشی سووریایەكی مەركەزی".

ئەو پەرتووكە كە 470 لاپەڕەیە، لەلایەن دەزگای میزۆپۆتامیا لە ئەڵمانیا چاپكراوە و مانگی تشرینی یەكەمی 2015 بڵاوكراوەتەوە.

خۆپیشاندان كێشەیە

رۆژی 9ی كانوونی دووەمی 2015 شاندی هەدەپە كە لە سری سورەیا ئۆندەر، ئیدریس بالوكەن، پەروین بوڵدان و خەتیب دیجلە پێكهاتبوون، سەردانی ئۆجەلانیان كرد لە ئیمراڵی. 

شاندەكە باسی كۆبوونەوەیەكی خۆیان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو و ئەفغان ئاڵا و یاڵچین ئاكدۆغان-یان كردووە، لەوێ‌ بە شاندەكەی هەدەپە گوتراوە كە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2014 لەدژی قسەكانی ئەردۆغان كە گوتبووی "كۆبانێ كەوتووە و دەكەوێت" درزێكی گەورەی خستووەتە نێو پڕۆسەی چارەسەری. تەنانەت ئەحمەد داودئۆغڵو دوودڵ بووە لەگەڵ شاندەكەی هەدەپە كۆببێتەوە و گوتوویەتی كە ئەو خۆپیشاندانانە زیانێكی گەورەیان بە پرۆسەكە گەیاندووە.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئەم گفتوگۆیە كراوە:

ئۆجەلان: ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران ئەنجامتان دا، بڕیاردانی پێوە دیاربوو؟

ئۆندەر: هەڵوێستی حكومەت دیار نییە. ناتوانین بڵێین بەتەواوی بەبڕیارە. زۆر باسی مەسەلەی ئاسایشی گشتی دەكەن. هەموو شتێك بەوەوە دەبەستنەوە.

راوێژكاری ئاسایشی گشتی كە لە پەرتووكەكەدا ناوی نەهێنراوە كێیە، بەردەوام پێش یان پاش شاندی هەدەپە، سەردانی ئیمراڵی كردووە و لەوێ‌ لەوبارەیەوە گفتوگۆ كراوە.

راوێژكاری ئاسایشی گشتی: ئەی سەرۆكوەزیر وەكو بەرپرسیاری ئەو پرۆسەیە بڕیاری خۆی نیشان نەداوە؟ ئەی نەیگوتووە دەپەڕینەوە بۆ قۆناغی رێككەوتن؟

ئۆجەلان: شتێك لەبارەی نیازی سەرۆكوەزیر ناڵێم. بەرەوڕووی سەرۆكوەزیرانێكی زۆر رۆمانسی بووینەتەوە. وەكو پێویست ئەزموونی نییە و زۆر سەرەڕۆیانە هەڵسوكەوت دەكات. دەربارەی ئاسایشی گشتی باسی هەندێك شت دەكەم. ئەو شتانەی باسی دەكەم بیگەینە بەڕێز یاڵچین و سەرۆكوەزیر.

"دەمەوێ‌ پەكەكە بگۆڕم"

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا راوێژكار لەلای ئۆجەلان گلەیی لە قەندیل كردووە:

راوێژكار: پێویستە قەندیل كۆتایی بە شانۆی بێتەل بێنێت. ئێمە منداڵ نین. دەزانن گوێمان لە بێتەلەكانیان دەبێت، بە گەنجان دەڵێن وا مەكەن، بەڵام لەژێرەوە رێنوێنی گەنجانی جەزیرە دەكەن و پێیاندەڵێن دەستبەكار بن.

ئۆجەلان: بۆ ئەوە گرنگە كەناڵی پەیوەندیم لەگەڵ پەكەكەدا هەبێت.

راوێژكار: لەوبارەیەوە ئێوە ناحەقی دەكەن. ئێوە لێرەوە پەكەكە بەڕێوەدەبەن. ئێمە رێگاتان پێدەدەین ئەوە بكەن.

هەر هەمان رۆژ ئۆجەلان ئەو مەسەلەیەی لەگەڵ شاندی هەدەپە باس كردووە؟

ئۆجەلان: مەسەلەی جەزیرە چییە؟

ئۆندەر: سەرۆكێ من، مەسەلەی جەزیرە، لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیر باس كرا. سەرۆكوەزیر لە رووداوەكانی جەزیرە بەرپرسیارێتی سەرەكی نەخستە ئەستۆی كەجەكە و گوتی خەتابەری سەرەكی هوداپار و لایەنەكەی دیكەیە.

ئۆجەلان: بە سەرۆكوەزیر بڵێن، باشە ئۆجەلان هێشتا دەژی. ئۆجەلان لەژێر ناوی سیستەمی نوێی دیموكراسی دەخوازێ گۆڕانكاری لەناو پەكەكە بكات. ئەگەر ئەمە نەبێ پەكەكە بەدرێژایی 100 ساڵی دیكە ئەو دەوڵەتە خەریك دەكات. ئەوە بە بەڕێز ئەفگان بڵێن. ئەو هەست بەوە دەكات و كاریشی بۆ دەكات. پێشی بڵێن پەكەكە ئەو هێزەی هەیە كە بتوانێ توركیا سەراوبن بكات.

پەیامەكەی ئەردۆغان بۆ بایك‌

لە كۆنووسی ئیمراڵیدا باسی گفتوگۆی شاندی هەدەپە لەگەڵ ئۆجەلان لە 9 تشرینی دووەمی 2013دا كراوە. سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی هەدەپە بۆ ئیمرالی، باسی گفتوگۆیەكی سێ‌ سەعاتی لەگەڵ ئەردۆغان كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوبەناو گرژی لە كۆبوونەوەكەدا دروست بووە.

ئۆندەر: سەرۆكوەزیر بانگی كردم و سێ سەعات گفتوگۆمان كرد. تەنیا یاڵچین ئاكدۆغان لەوێ‌ ئامادە بوو.

ئۆجەلان: ئاگادارم و زانیاریم هەیە. ئەو كۆبوونەوەیە تەنیا بە ویستی سەرۆكوەزیران نەبوو. بەڵكو شاندەكەی دەوڵەت و منیش سووربووین لەسەر ئەوە. زۆر گرنگە، مێژووییە. بۆ هەدەپەش گرنگە چونكە لە كەسێتی تۆدا هەدەپە دەبێتە موخاتەب. درێژە بەو چاوپێكەوتنانە بدەن. ئەگەر جارێكی دیكە لەگەڵی دانیشتن بەناوی منەوە سوپاسی بكە. بەردەوام بە شاندی دەوڵەت دەڵێم پێویستە ئێوە هەدەپە بپارێزن.

ئۆندەر: لەسەر خۆپیشاندانەكانی پاركی گەزی قسەمان كرد. پێمگوت ئەو مەسەلەیە دوو رەهەندی هەیە، یەكێكیان یەكسانییە، ئەوەی دیكەشیان گەندەڵییە، لەسەروو هەمووشیانەوە دانبەخۆداگرتنێكی نا دیموكراتیانە هەیە. كاتێك مەسەلەكە هاتە سەر گەندەڵی، دانیشتنەكە ئاڵۆز بوو، گەیشتە ئەوەی كۆتایی پێبێت. ئەردۆغان گوتی لە مەسەلەی گەندەڵی زانیارییەكانت كۆن و هەڵەن، هەروەها زۆر بە سافی كەوتوومەتە ناو مەسەلەیەك كە كاری هەواڵگریی ئەڵمانیایە.

ئۆجەلان: (بەپێكەنینەوە) كەواتە وایگوت. لەبنەمادا ئەوەی سافە سەرۆكوەزیرە. گومانی هەیە كە ئەو مەسەلەیە لە دەرەوە دروستكراوە، بەڵام پێی بڵێن وانییە.

ئۆندەر: بە سەرۆكوەزیرانم گوت لەگەڵ شاندی هەدەپە دەچمە قەندیل، ئێوە لەبارەی پڕۆسەكە بیر لەچی دەكەنەوە و پلانتان چییە. ئەویش پێیگوتم "بەجەمیل (جەمیل بایك) بڵێ با مەیدانم لێ نەخوێنێت".

ئۆجەلان: (بەپێكەنینەوە) كاری شەقاوەی توركییە! من جەمیل ئاگادار دەكەمەوە. تۆش بە سەرۆكوەزیر بڵێ ئەو كارە بەو ئوسلوبە ناكرێت.

ئۆندەر: سەرۆكوەزیر درێژەی بە قسەكانی دا: ئێوە پرسیار دەكەن من چی دەكەم. هەموو شتێك دەكەم و لەگەڵ ئاپۆ رێككەوتووم. تەنیا یەك هێڵی سوور هەیە. ئەویش سووریایە. رێگا نادەم لەوێ قەوارەیەكی وەكو ئەوەی باكووری عێراق دروست بكرێ.

ئۆجەلان: (بە تووڕەبوونەوە) تۆش پێی بڵێ ئێمەش رێگا نادەین كورد لەنێو دەوڵەتێكی مەركەزی لە سووریا بمێنێتەوە، ئەوەش هێڵی سووری ئێمەیە.

سەرەتا ئۆجەلان پاشان پەرلەمان

بە گوێرەی پەرتووكی (كۆنووسەكانی ئیمراڵی)، بەر لەوەی رەشنووسی پرۆسەی چارەسەری لە 26/6/2014 پێشكەشی پەرلەمان بكرێت، ئۆجەلان رەشنووسەكەی بینیوە و رەزامەندیی لەسەر داوە. ئۆجەلان لە گفتوگۆی لەگەڵ شاندی هەدەپە لە 21/6/2014 گوتوویەتی ئەگەر ئەم رەشنووسە لەماوەیەكی كورتدا نەكرێتە یاسا، شەڕ دەستپێدەكاتەوە.

ئۆندەر: دوێنێ لەگەڵ هەریەك لە بەشیر ئاتاڵای، ئەفگان ئاڵا و بەكر بۆزداغ رووداوەكانی ئەم دواییەمان هەڵسەنگاند. پێش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە بانگی بەڕێز هاكان فیدانیان كرد. كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ ئەو درێژەی كێشا. گوتیان رەشنووسی یاساكەیان داوەتە ئێوە، ئێوەش رەزامەندیتان لەسەرداوە. ئەوان داوایان كرد بەتایبەتی گوێ لە ئێوە بگرین لەبارەی ئەو رەشنووسە. هەر بۆیە بە پەلە بڕیارمان لەسەر ئەو گفتوگۆیە دا. سەرۆكی من، پێویست بوو ئێوە لەسەر نەخشەی رێگا، كات و پێشنیازەكانی چارەسەری هەندێك شت پێشكەش بكەن. دەربارەی ئەوانە هیچ هەیە؟ 

ئۆجەلان: (دوو لاپەڕەیان لە دۆسیەكە دەرهێناوە) بەڵگەكانم بەدەست گەیشتووە. بۆتان دەخوێنمەوە. دەبێت ئەو بەڵگەیە جێبەجێ بكرێت. ئەگەر جێبەجێ كرا دەبێتە چوارچێوەی یاسا، وەكو شۆڕشێك وایە. پێی ئیقناع بووم. بۆتان دەخوێنمەوە بەجیا بۆچوونی هەمووتان وەردەگرم. (دوای خوێندنەوەی رەشنووسەكە)، دەخوازم بە جیا بۆچوونتان وەربگرم. 

ئۆندەر: كێشەیەك هەیە، پێناسەی مەسەلەی موخاتەب نەكراوە.

ئۆجەلان: ئەو مەسەلەیە لە ماددەی 5 راست دەكرێتەوە. 

ئۆندەر: سەرۆكی من، ماددەی 5 مەسەلەی جێبەجێكردنە، واتە ماددەیەكی تەكنیكییە. ئەگەر مەسەلەی موخاتەب لە ماددەی دوودا چارەسەر بكرێت باشترە.
ئۆجەلان: پێی ئیقناع بووم و هەستێكی باشی لەلا دروست كردم.

ئیدریس بالوكەن
: پێناسەی تیرۆر لە سەرەتا و ناوەڕۆكی رەشنووسەكەدا كێشەیە. ئەگەر لە جێگەی تیرۆر دەستەواژەی توندوتیژی بەكاربهێنرێ، لە رووی دەروونییەوە كاریگەری ئەرێنی دەبێت.
ئۆجەلان: منیش بەم شێوەیە بیر دەكەمەوە، بەڵام پێویستە زۆر خۆمان بەوەوە خەریك نەكەین. تیرۆر وشەیەكی فەرەنسیە و توركی نییە، بۆ شەڕ و بۆ توندوتیژیش بەكاردێ، ئەوانە زۆر گرنگ نین.
پەروین بوڵدان: لە ماددەی دوودا ئەگەر لە شوێنی گفتوگۆ بڵێین رێككەوتن راستترە. ئێوەش پێشنیازتان كردبوو.

ئۆجەلان: نزیكەی 25 رۆژمان لەپێشە. ئێستا ئێوە هەر كە لێرە تەواو بوون دەچنە ئەنقەرە، لەگەڵ بەڕێز بەشیر، بەڕێز ئەفگان و موخاتەبەكانی دیكە گفتوگۆ دەكەن. پێیاندەڵێن: لەگەڵ ئۆجەلان یاری ناكرێت، ناتوانین بە ساڵان چاوەڕێ بكەین. بەر لەوەی پەرلەمان پشوو بدات دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەرپرسێكی دەوڵەت: سەرۆكی بەڕێز، ناتوانی ماوەی ئەمە سنووردار بكەی، باشتر نییە دوای ئەوەی لەگەڵ موخاتەبەكانت قسەت كرد، باسی ئەو مەسەلەیە بكەی؟
ئۆجەلان: پێویستە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەو رەشنووسە بكرێتە یاسا. ئەگەر نەكرێتە یاسا من گەرەنتی نادەم شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە. جارێكی دیكە ئاكپارتیمان ئاگادار كردەوە ئەگەر بەهۆكاری دیكە قبوڵی نەكەن شەڕ دەقەومێ.

لە شوێنێكی دیكەدا ئۆجەلان وەڵامی ئەوانە دەداتەوە كە دەڵێن ئاپۆ، ئەردۆغان دەكاتە بەڵا بەسەر توركیاوە.

ئۆجەلان دەڵێت "لە راگەیاندن دەخوێنمەوە. محەمەد ئاڵتان و ئەوانەی وەكو ئەو فێری دیموكراسیم دەكەن (بەپێكەنینەوە)، مایەی سەرسوڕمان نییە؟ باوكی، كوڕی و نەوەكانی هەموویان بەیەكەوە دەنووسن، دەڵێن: ئەو كەسەی ئەردۆغان دەكاتە بەڵا لەسەر گەلی تورك، ئاپۆیە. بەڵام پێیان بڵێن تەنیا كەس بتوانێت رێگە لە ئەردۆغان بگرێ، منم".

بارودۆخی ئۆجەلان لە ئیمراڵی

سێیەمین سەردانی شاندی هەدەپە (بەدەپەی پێشوو) بۆ ئیمراڵی لە 18/3/2013 بووە كە سەلاحەددین دەمیرتاش یەكێك بووە لە ئەندامانی شاندەكە. ئۆجەلان سەبارەت بە سەردانی شاندەكانی هەدەپە بۆ ئیمراڵی قسە دەكات و دەڵێت: ئەو كارەی ئێمە لێرە دەیكەین پێویستی بە یاسایە. لە پەرلەمان یاسایەك دەردەچێت و كۆتایی بەمە دێنێ. چونكە ئەوەی ئێمە لێرە دەیكەین نایاساییە، وانییە! باشە بۆچی ویستیان لێكۆڵینەوە لەگەڵ دوو راوێژكاری میت بكەن و زیاتر لە 90 پارێزەری من زیندانی كراون! ئەگەر ئێوەش پەرلەمانتار نەبوونایە ئەگەری ئەوە هەبوو هەمان شتتان بەسەر هاتبا. ناڵێم ئێوە كارێكی ناڕەوا دەكەن. بەڵام پێویستە ئەو كارەی دەیكەن گەرەنتییەكی یاسایی هەبێت. من پێگەم هەیە. ئەو كەسەم كە ئەو یاخیبوونە دەگەیێنمە ئەنجام. مەهەپە و جەهەپە بەشەو و رۆژ هاوار دەكەن ئەو كارە نایاساییە.

 راست دەڵێن. ئێوە یەكسەر بڕۆنە لای وەزیری داد و قسەی لەگەڵ بكەن، پێویستە كۆتایی بەو پرۆسە نایاساییە بێ.

ئۆجەلان سەبارەت بە بارودۆخی خۆیشی لە زیندان قسە دەكات و دەڵێت: لەبارەی بارودۆخی من چی دەبێت؟ رەنگە لە سێدارەدان دوابخەن. سەرۆككۆماریش لەوبارەیەوە ئەو ویستەی هەیە. بەبیانووی كێشەی تەندروستی، تا دوای پڕۆسەكە. بەڵام پێموانییە ئەمانە بكرێن. پێویستە ئێوە جارێكی دیكە لەوبارەیەوە لەگەڵ ئاكپارتی قسە بكەن. پەشیمان نیم لەبەر ئەوەی قسەتان لەو بارەیەوە نەكردووە. 
ئۆندەر: هۆكارەكەی ئەوە بوو كە جارەكەی دیكە پرسیارم لە بارودۆخی ئێوە كرد. دووجار وەڵامتان نەدایەوە، جاری سێیەم كە پرسیارم كرد وەڵامت دایەوە.

ئۆجەلان: راستە من باسی ماڵێكی زیندانی و لێبووردنم كرد. گوتم لەگەڵ پرۆسەكە هەموومان ئازاد دەبین. 

ئۆندەر: تۆ وا دەڵێی، ئێمەش لەلای خۆمان گوتمان ئەو ناخوازێ باسی ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئێمە بكات.

ئۆجەلان: راستە، باشە. ئێوە جارێكی دیكە دەتوانن ئەو مەسەلەیە لەگەڵ وەزیری داد باس بكەن.

دەمیرتاش: سەرۆكی من، هەڤاڵان (قەندیل) ئەو كارەی بەدەپە لەگەڵ ئێوە زۆر بە گرنگ دەزانن، بەڵام بۆ رازیكردنی گەریلا سوورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێوەدا هەبێ. 

ئۆجەلان: لەوە تێدەگەم. بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا پێم زەحمەتە. لە قۆناغی دووەمدا منیش داوای ئەمە دەكەم. تەنیا لەگەڵ قەندیل نا، بەڵكو لەگەڵ رۆژنامەنووسانیش. پێویستە پەیوەندیم لەگەڵ هەندێكیان هەبێ. دەڵێن ئۆجەلان ئازاد دەبێت، باسی لێبووردن دەكەن. من هیچ تاوانێكم نەكردووە تا لێم ببوورن. ئەگەر پێم بڵێن ئەو هەفتەیە، یان ئەو مانگە بڕۆ دەرەوە، لێرە مانەوەم پێ باشترە. بەبێ ئامادەكردنی زەمینە ناچمە دەرەوە. من كەسێكم مەسەلەیەكی سیاسیم هەیە، بۆیە لێرەم. دەرچوونیشم لێرە، دەبێت لەگەڵ پێشكەوتنی سیاسەت بێ، بەڵام رەنگە ئەم هاوینە شوێنەكەم بگۆڕن. لەوانەیە بچمە شوێنێكی فراوانتر. لەوانەیە شوێنێك بێ تا بتوانم لەگەڵ میوانەكانم كۆببمەوە. رەنگە دەستیان بە دروستكردنی ئەو شوێنەش كردبێ. ئەوكات رەنگە ئەوانەی قەندیل بێنە ئێرە. لەوانەشە مەسەلەی وازهێنان لەچەك بە كۆنگرە بكرێت. دەبێت منیش بەشداری لەو كۆنگرەیە بكەم.

ئۆجەلان لەبارەی دەمیرتاش

ئەستێرەی سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە بەردەوام لە گەشانەوەدایە، بە جۆرێك هەندێك كەس دەڵێن پەكەكە و خودی ئۆجەلانیش بەمە دڵخۆش نین. بەڵام لە دیداری شاندی هەدەپە لە 26/6/2014، ئۆجەلان قسە لەسەر ئەو بابەتە دەكات.

ئۆجەلان: من پێشتریش بە سەلاحەددینم گوت (روو لە پەروین بوڵدان دەكات) بە ئێوەشم گوت. ئامادەم هەموو دەسەڵاتەكانم بدەمە ئێوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو بەرپرسیارێتییەی من بۆ ماوەی 24 سەعات بخەنە سەرشانی خۆتان. ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە. با كەسێك هەبێ بەرپرسیارێتییەكان بخاتە ئەستۆی خۆی، من ئامادەم هەموو دەسەڵاتەكانی بدەمێ.

ئەوانەی سەبارەت بە سەڵاحەدین دەڵێن: "ئاپۆ ئەوی ناوێ". درۆ دەكەن. من زۆر رێزی دەگرم، زۆر هەوڵ دەدەم تا پێشبكەوێت. بەخۆشی كەسێكی دڵنزمە، هەوڵ دەدات فێرببێ. دەخوازم سەڵاحەدین سیاسەتی كوردی بناسێ و بزانێ هەوراز و نشێوەكانی 40 ساڵی ململانێ چۆن بووە. پێویستە هەوڵی زیاتر بدات. پەكەكەشی لەگەڵدابێ، كەس شێوازی منی سەرۆكایەتی پێش ناخات. تێگەیشتن لە ئۆجەلان چارەنووسسازە.

 داوای لێبووردن لە دەمیرتاش

پێشتر میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە ئۆجەلان بە دەمیرتاشی گوتووە "پێنەگەیشتوو". ئۆجەلان نكۆڵی لەوە ناكات و لە دیداری شاندی هەدەپەدا لە 17/8/2013 باسی ئەو بابەتە دەكات.
ئۆجەلان: بە ئێوە (دەمیرتاش)م گوتبوو پێنەگەیشتوو، داوای لێبووردنتان لێدەكەم تكایە. 

دەمیرتاش: ئەستەغفیروڵڵا سەرۆكی من، رەخنەكانی تۆ گرانبەهان.

ئۆجەلان: من رەخنە لە خۆشم دەگرم. بەهەڵە لێم تێمەگەن، رووداوە كۆمەڵایەتییەكان تەمەنی مرۆڤ دەگۆڕن. لەوانەیە وەكو كەسێكی سادەی گوندی بمبینن. بەڵام ئەگەر بشمرم سەركردەیەك نیم تێمپەڕێنن.
ئۆجەلان ئامۆژگاریی شاندەكەی هەدەپە دەكات و دەڵێت "تا دەتوانن لە تەلەفزیۆن قسە بكەن. خاتوو پەروینیش دەبێت وابێ. باوەڕ بە دەوڵەت مەكەن. دەوڵەت چییە؟ من دەوڵەت دروست دەكەم. بە كوردیش دەوڵەت دروست دەكەم. دەوڵەت دەكەمە كورد و كوردیش دەكەمە دەوڵەت، بەڵام بۆ ئەمە خۆتان ئامادە بكەن، خۆتان بەهێز بكەن.

كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار

شاندی هەدەپە رۆژی 1/6/2014 جارێكی دیكە سەردانی ئۆجەلانیان كردووە، یەكێك لەو بابەتانەی باسیان كردووە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بووە لە 10/8/2014. ئۆجەلان لەوبارەیەوە قسەی خۆی هەبووە.

ئۆجەلان: دەتوانین مەسەلەی دەستوور و سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ ئاكپارتی باس بكەین. بۆ ئەوەی بەرەو قۆناغی یاسا و دەستوور بچین پێویستە رێككەوتن هەبێ، بەڵام دەستڕۆیشتوویی ئەردۆغان و قۆرخكاریی ئاكپارتی قبوڵ ناكەین. هەندێك پێماندەڵێن "ببنە پارێزوانی ئاكپارتی". لەبنەمادا بارودۆخەكە بەتەواوەتی پێچەوانەیە. پێویستە ئاكپارتی چاو لە ئێمە بكات. ئێمە ئاكپارتی بەلای خۆماندا رادەكێشین. لەگەڵ جەهەپەش گفتوگۆ بكەن. هەمان شت بە ئەوانیش بڵێن.

 لەبارەی خۆكاندیدكردنی دەمیرتاش

لە دیداری 26/6/2014شدا جارێكی دیكە ئۆجەلان دەربارەی كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار قسە دەكات.

ئۆجەلان: با بێینە سەر مەسەلەی سەرۆكایەتی كۆمار. چیتان كرد، با لەسەر ئەوە قسە بكەین.

پەروین بوڵدان: ناوی سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر دەهێنن.

ئۆجەلان: پێموایە پێویستە هەوڵەكانتان لەسەر كاندیدێكی عەلەویی تورك بێ. شتێكی بەم جۆرە گفتوگۆ دروست دەكات. دوێنی ویستیان فیگان (فیگان یوكسەلداغ) تەنگاو بكەن. پرسیاری ئەوەیان لێكرد كە "بزووتنەوەی كورد دەخوازێ تۆ وەكو هەوێنی توركی بەكاربێنێ". ئەگەرنا سەڵاحەددین شیاوە. بەڵام پێموایە كاندیدێكی عەلەویی تورك كاریگەرییەكی باشتر دروست دەكات.

 ئۆجەلان رووی لە سڕی سورەیا دەكات: باشە كێی دیكە هەیە؟ تۆ یان ئەرتوغرول دەبن؟

ئۆندەر: هەردووكمان دەرچووی زانكۆ نین، بۆیە نابێت.

ئۆجەلان: فیگان دەبێت؟ خەڵكی كوێیە؟

ئۆندەر: خەڵكی جەیهانە. بەڵام ئەویش دەرچووی زانكۆ نییە.

ئۆجەلان: باشە. لێرە كاندید دەستنیشان ناكەین. ئێوە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆرگانەكان كاندیدێك دەستنیشان بكەن. بێگومان دەمیرتاش باشە. من ڤیتۆم لەسەری نییە.




نامەكەی نەورۆز هاوبەش بوو

ئۆجەلان لە یەكێك لە دیدارەكانی لەگەڵ شاندی هەدەپە باسی نامەكەی نەورۆزی 2013 دەكات و دەڵێ "ئاكپارتی حەزی لە كات كوشتنە. من چیدی بەرگەی ئەوە ناگرم. دەوڵەتیش بەرگەی ئەمە ناگرێت. ئەوانە شتێك نین تاوەكو زۆر لەبارەیانەوە گفتوگۆ بكەین. لە نامەی نەورۆز باسی رۆحی سەردەمەكەم كرد. ئاكپارتیش بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازەكانم بۆ نەورۆز كرد، منیش قبوڵم كرد. كەواتە رێككەوتنێكی هاوبەش بووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە