رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سەرۆکی جەهەپە کۆتاییهات، هەر سێ سەرۆک گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردن و چەندین پرسی دیکەی هاوبەشی نێوانیان کرد. "جەختیان لە رەتکردنەوەی سیاسەتی سەپاندنی قەیووم بۆ سەر شارەوانییەکان کردەوە".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تولای هاتیپئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە ئەنقەرە سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە)یان کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە و بەرپرسانی پارتەکە کۆبوونەوە.
ستراتیژی دەم پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ـی ئاداری 2024 دەکرێت، هاوکاری لەگەڵ جەهەپە و مەرجەکانی ئەو هاوکارییە لەو سەردانەدا تاوتوێ کران.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشی دوای کۆبوونەوەکە، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "بەشێوەیەکی شەفافانە گفتوگۆمان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سێیەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کرد. سەردان و گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت."
ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند، "بە تێروتەسەلی باسمان لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات، لە قەیرانی ئابووری، بێکاری، هەڵاوسان و سیاسەتی چەوتی سەپاندنی قەیووم کرد. ناکرێ باس لە دیموکراسیەت بکەین لەلایەکی دیکەشەوە بەناوی قەیووم، ئەو کەسانەی بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراون لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە. جەهەپە بەتووندی رەتیدەکاتەوە و قبووڵی ناکات. لەلایەکی دیکەشەوە، پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە کەچی رێگەی پێنادرێت سوێندی یاسایی بخوات و لە کونجی زیندانەکاندا هێشتوویانەتەوە و بڕیاری دادگەی دەستووریش رەت دەکەنەوە."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، قەیرانی دارایی و ئابووری، قەیرانی یاسا، سیاسەتی دژەدیموکراسی دەسەڵات و دۆخی جان ئاتاڵای (پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی پارتی کرێکاری تورکیا کە لە زیندانە) و هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە (دەمیرتاش و یوکسەکداغ) کرد کە بە ناهەقی و بەدەر لە یاساکان لە زینداندان."
هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوەشکرد، لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، دەسەڵات هەموو دەرگایەکی داخستووە، بەڵام خەباتی ئێمە هەر بەردەوام دەبێت و لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی باوەڕیان بە دیموکراسیی هەیە کاردەکەین. ئەرکی سەرشانی هەمووانە پێکەوە کۆمارێکی دیموکراسی پێکبهێنین و درێژە بە گفتوگۆ بدەین.
دواتر تونجای باکرهان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە قسەی کرد و رایگەیاند، زۆر گرنگە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن خاوەن یەک هەڵوێست و یەک گوتار بن لەبارەی رەتکردنەوەی سیاسەتی قەیووم. پێکەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکان هاوئاهەنگی دەکەین و درێژە بە گفتوگۆ و دیالۆگ دەدەین.
رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2023، شاندێکی جەهەپە بە سەرۆکایەتی ئۆزگور ئۆزەل سەردانی دەم پارتی کردبوو، بڕیار بوو هەفتەی رابردوو شاندێكی دەم پارتی سەردانی جەهەپە بکات، بەڵام ئەو سەردانە دواخرا.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ ئۆزگور ئۆزەل، یەکەم تاقیکردنەوە دەبێت و دەیەوێت گەورە شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و سێ گەورەشارەوانییەکەی بۆڵو، بورسا و باڵکئەسیر بباتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی 2019دا لە دەست ئاکپارتی سەندبوو. لە بەرامبەردا ئاکپارتی زۆر بەجیدی کار دەکات بۆ ئەوەی هەردوو گەورە شارەوانییەکە لە جەهەپە بسەنێتەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە کە ئێستا دەم پارتییە، لە دەرەوەی هاوپەیمانی هەڵبژاردن، لە گەورەشارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی جەهەپە کرد. لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگی دەنگدەری کورد دوای 20 ساڵ بەڕێوەبردنی لەلایەن ئاکپارتیەوە، جەهەپە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵی بردەوە.
هەرچەندە هێشتا دەم پارتی ستراتیژییەتی خۆی بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ رانەگەیاندووە، بەڵام هاوسەرۆکانی ئەو پارتە کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردن، جەخت لەوە دەکەنەوە دەنگ بە بەربژێرێک نادەن کە فاشیست و دژەکورد بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ