هوداپار لە سێ گەورەشاری تورکیا پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی جمهوور دەکات

11-01-2024
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن هوداپار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە 31ـی ئاداری ئەمساڵ دەکرێت، لە گەورەشارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیرـی تورکیا، پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی جمهوور دەکەن. 
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێرەکانی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە شاری رووهای باکووری کوردستانەوە رایگەیاند، چاوەڕوانی کاری جددی لە بەربژێرەکانیان و ئەندامانی پارتەکەیان دەکەن لە هەڵبژاردنەکەدا.
 
یاپجیئۆغڵو گوتی "ئەمین ئۆزئارسڵان، بەربژێری پارتەکەمانە بۆ گەورەشارەوانیی رووها، فارووق دینچ بۆ گەورەشارەوانیی دیاربەکر (ئامەد)، عەبدولڕەحمان ئۆزجان بۆ سەرۆکی شارەوانیی سێرت و عەدنان ساغڵام بۆ سەرۆکی شارەوانیی جەیلانپنار (سەرێ کانی)، عەلی بیلمەز، بەربژێری سەرۆکی شارەوانیی بیسمیل، عەلی دوورگونسوو بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئەغیل (گێل) و ئادەم ئاڤووز بۆ سەرۆکیی شارەوانی کاهتا (کۆلک)".
 
سەبارەت بە بەربژێریان بۆ شارەوانییەکانی شارەکانی تورکیا، سەرۆکی هوداپار گوتی "ئێمە، لە گەورەشارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی جمهوور دەکەین. لە پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەدا بیرۆکەی بەشداریکردنمان بە بەربژێرەکانی خۆمان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا. دینامیک و بارودۆخی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان جیاوازە. رەنگە هەندێک هاوپەیمانی ناوخۆیی لە هەندێک شوێن پەرەبسێنن، لە شوێنێکدا لایەنێک و حیزبێکی دیکە لەوانەیە لە شوێنێک هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبێکی دیکە یان گرووپێکی دیکەدا هەبێت. رەنگە جیاوازیمان هەبێت، کات دەزانێت".
 
پارتی دۆزی ئازاد، ناسراو بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2012 دامەزراوە. لە دوایین هەڵبژاردنەکانی تورکیادا لە 14ـی ئایاری 2023 کە سەرۆککۆمار و پەرلەمانێکی نوێ هەڵبژێردران، لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداری هەڵبژاردنی کرد و چوار کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە