ئەردۆغان: 550 هەزار پەنابەری سووریایی بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای دەکات کە نزیکەی 550 هەزار پەنابەری سووریایی نیشتەجێی تورکیا بە "ویستی خۆیان" گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسی چاودێریی گشتیی نێودەوڵەتی لەبارەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکی خستنە سەر تووندوتیژییەکانی پاریس دوای رووداوی کوژرانی سێ هاونیشتمانی لەلایەن کەسێکی فەرەنسییەوە و رایگەیاند، رووداوەکان دەریخست جیاکاری بە ناوی "تیرۆریستی باش و تیرۆریستی خراپ" هەڵەیە، هیوای خواست قۆناخێکی نوێ لە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەستپێبکات و گوتی: "تائێستا نزیکەی 550 هەزار پەنابەری سووریایی لە وڵاتەکەمانەوە بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی سووریا کە لە تیرۆریستان پاکمان کردوونەتەوە و ئاسایشیان دەپارێزین. ئەگەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ رووسیا و سووریا ئەنجامی هەبوو ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون دەکات".
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە بە پاساوی مافی پەنابەری سیاسی ئەو کەسانە دەپارێزن کە دەستیان سوورە بە خوێنی خەڵک و گوتی: "ئێستا ژمارەیەک لەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێمە لەژێر بنمیچێکدان لە ناتۆ، کۆنسەی ئەوروپا، یان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بوونەتە پەناگەی ئەو چەتانەی لە دەست دادوەریی تورکیا هەڵهاتوون".
لەبارەی داواکاری بۆ هەمواری دەستوور، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئەگەر پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد، با گەل دوا بڕیار بدات".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە رێگەگرتن لە خوێندنی کچانی لەچک بەسەر لە قوتابخانەکان لە ئەفغانستان، کارێکی نامرۆڤانە و نائیسلامییانەیە و گوتی: "دەبێت کچان بخوێنن، با کەس بە ئێمە نەڵێت ئیسلام رێگرە لەوە. ئیسلام شتی وا قبوڵ ناکات".