ئاستی ئاوی بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ زیادی کردووە

10-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
 
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی فەرمانگەی کاروباری ئاو و بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ İSKİ رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی رێژەی بارانبارین، دۆخی بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ بەراورد بە دوو مانگی رابردوو زۆر باشتر بووە و تێکڕای ئاستی ئاوی ناویان بۆ 32.27% بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2023 گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ زەنگی مەترسیی بۆ کەمبوونەوەی ئاستی پڕبوونی ئاوی بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ لێدا، بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی لە خوار 21.01% بوو.
 
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی کاروباری ئاو و بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ İSKİ رایگەیاند، رێژەی پڕبوونی بەنداوەکانی دیوی ئاسیای ئیستەنبووڵ زۆر زیاترە لە دیوی ئەوروپای شارەکە. ئاستی پڕبوونی ئاوی بەنداوەکانی ئیستەنبووڵ لە 10 رۆژی رابردوودا بە رێژەی 2.63% بەرزبووەتەوە و رێژەکەی گەیشتووەتە 32.27%، لە ئەگەری بەردەوامبوونی بارانبارین، دۆخەکە باشتر دەبێت و بۆ هاوینی داهاتوو لە مەترسیی وشکەساڵی رزگاریان دەبێت. بەوپێیەی لە دوو مانگی رابردوودا کاتێک رێژەکە گەیشتە 21.01%، کەمترین رێژەی نۆ ساڵی رابردووی تۆمارکردبوو.
 
بەنداوی ئێلمالی 83.03%ی پڕ بووە، زۆرترین بڕی ئاوی تێدایە، هەروەها کەمترین پڕبوونی بەنداوەکانی ئەم شارە، بەنداوی پابوچدەرە-یە کە 10.83%ی توانای بەنداوەکە ئاوی تێدایە.
 
ئاستی پڕبوونی 10 بەنداوەکەی ئیستەنبووڵ:
 
بەنداوی ئێلمالی: 83.03%
بەنداوی ئۆمەرلی: 61.57%
بەنداوی داڕڵک: 52.2% 
بەنداوی عەلی بەی: 47.75%
بەنداوی ئیسترانجالار: 33.17% 
بەنداوی بویوک چەکمەجە: 23.54%
بەنداوی تەرکۆس: 21.84%
بەنداوی سازڵیدەرە: 19.23% 
بەنداوی کازاندەرە: 14.12%
بەنداوی پابوچدەرە: 10.83%
 
کۆی گشتیی قەبارەی ئاستی ئاوی کۆگاکراوی ئەو 10 بەنداوەی ئیستەنبووڵ 868 ملیۆن و 683 هەزار مەتر سێجا ئاوە، کەچی ئێستا تەنیا 293 ملیۆن و 16 هەزار مەتر سێجا ئاویان تێدایە.
 
سەرباری ئەم 10 بەنداوە، ئیستەنبووڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئاو، پشت بە ئاوی بەنداوی یەشیلچای لە پارێزگای دوزجە و بەنداوی مەلەن لە پارێزگای ساکاریا دەبەستێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە