هاوسەرۆکی هەدەپ: بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ هاوپەیمانییەکی شاراوە قبووڵ ناکەین

 
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەیدا لە پارێزگای ئایدنی تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ هاوپەیمانییەکی شاراوە قبووڵ ناکەن.
 
لە بەشێکی گوتاری کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا، کە رۆژی شەممە 09-12-2023 تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، دارستانەکانی باکووری کوردستان لەنێودەبات.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، "لە جوودی بە مانایەکی جیاواز دار دەبڕن. لە نێو دوو کەوانەدا؛ ئەوان وادەزانن بەرەنگاری تیرۆر دەبنەوە. لەکاتێکدا ئەوان بە بڕینی ئەو دارانە، دڵ و جگەری خەڵک دەبڕن. ئەوان دووژمنایەتیی خۆیان بە بڕینی داریش نیشان دەدەن."
 
هاوسەرۆکی هەدەپ: دانانی قەیوم دزییە
 
هاوسەرۆکی هەدەپ لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە هەڵبژاردنی شارەوانی کرد کە بڕیارە 31-03-2024 بەڕێوەبچێت. هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، "بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەمێکە دەستمان بە کارەکانمان کردووە و هەوڵدەدەین شارەوانییەکانی کوردستان و تورکیا ببەینەوە. لیژنەکانمان ئێستا فۆرمی بەربژێربوون لە هەموو لایەکەوە وەردەگرن. ئەوە دوو خوولە قەیوم دادەنرێن. قەیوم هاوسەنگە لەگەڵ دزی. ئەوانەی سەرۆکی شارەوانی قەیوم دەکەن، دزن. بینرا ئاکەپە بە چ رۆحێکی فاشیستانە پارێزگاری لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان دانا."
 
هاوسەرۆکی هەدەپ: دووبارە ناوی پارتەکەمان دەگۆڕین
 
هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوە کرد کە دەسەڵات هەوڵیدا پارتەکەیان دابخات. هەروەها گوتیشی، "دەسەڵاتی ئاکەپە بەوەشەوە نەوەستا کە دەستگیری کردین و زیندانیی کردن. تەنانەت دەست لە پیتەکانی ناوی پارتەکەشمان وەردەدەن. ئەوان لە پیتەکانی ناوی پارتەکەشمان دەترسن. داوای گۆڕینی کورتکراوەی ناوی پارتەکەمان (هەدەپ) دەکەن. ئێمەش بۆئەوەی لە کاتی بەشداریکردنمان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە نزیک بووەتەوە، هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ناوەکە دەگۆڕین و هەواڵ بە ئێوەش دەدەین. بێگومان ناوی پارتەکەمان گرنگە، بەڵام ناوەکەمان هەرچییەک بێت، ئێمە پارتی جەماوەرین."
 
هاوسەرۆکی هەدەپ: هاوپەیمانیی نهێنی و شاراوە ناکەین
 
لەبارەی ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە، هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، ئەمجارە ئەگەر بیکەن، بە ئاشکرا هاوپەیمانی دەکەن، "لە دژی هاوپەیمانی نین، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانی بکرێت، پێویستە روون و شەفاف بێت. بنەماکانیشی دەبێت بۆ جەماوەر روون بکرێتەوە. ئێمە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لایەنە ناکەین کە دەڵێت: با من لەگەڵ ئێوە نەبیندرێم، دوایی بە هەڵە لێم تێدەگەن. هەربۆیە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024 بە روونی دەڵێین، جەماوەر دەیەوێت ئێمە بیبەینەوە. لە ئایدنەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەر هاوئاهەنگی و هاوپەیمانییەکی شەفاف قبووڵ دەکەین و شاراوە و نهێنی رەتدەکەینەوە."
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33% و جەهەپە 30.12%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە هاوپەیمانیی میلـلەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا.