رووداو دیجیتاڵ
لە دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، کە بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن و 21 کەسیان ئێستا لە زیندانن.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی یەکەمی 2021 لە حەوتەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دانیشتنی هەشتەم لە 22ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە سینجان بەڕێوەدەچێت.
لە دانیشتەکەی دوێنێ پێنجشەممەدا پارێزەرانی دۆسیەکە و ئەو سیاسەتڤانانەی دادگایی دەکرێن بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییان بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون و رێگەنەدرا رۆژنامەڤانان رووماڵی دانیشتنەکە بکەن. دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە بۆ ئەمڕۆ هەینی دواخرا.
رووداوەکانی کۆبانێ کە لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا، وەک پاساوێکی سەرەکی بۆ داخستنی هەدەپە ئاماژەیان پێدەکرێ.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
داواکاری گشتیی لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ داوای 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و زیندانی هەمیشەیی بۆ 38 لەو تۆمەتبارانە دەکات کە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن.
تاوەکو ئێستا لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ 8 سیاسەتڤان بە مەرج ئازادکراون.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە 22ەمین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
هەدەپە، کە لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە سکاڵانامەی لەسەر تۆمارکراوە و هەوڵی داخستنی دەدرێت، سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا و ئێستا خاوەن 58 کورسییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ