رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا راپۆرتی 10 مانگی ئەمساڵی رووداوەکانی هاتووچۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا بڵاویکردەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا روویداوە. لە ئەنجامدا دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 272 کەس، دەسبەجێ لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 300 هەزار و 281 کەس بریندار بوون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 157 هەزار و 876 شوفێر بەهۆی خواردنەوەی مادە کحولییەکانەوە سزا دراون. هەر بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەسەرخۆشییەوە، هەزار و 467 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. 210 هەزار و 452 رووداویش بەهۆی کەموکوڕی شوفێرەکان روویانداوە کە پابەندی یاسا و رێساکانی هاتووچۆ نەبوون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێنج هەزار و 856 رووداوی هاتووچۆ بەهۆی نەوەستانیان بووە لە رەنگی سووری ترافیک لایتەکان کە هەزار و 467یان رووداوی سەختیان لێکەوتووەتەوە. هەروەها هەزار و 829 رووداوی هاتووچۆش بەهۆی تیژڕەوییەوە سەریهەڵداوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ