رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، 73%ـی ئەوانەی لە غەززە کوژراون ژن و منداڵن و ئیسرائیل بە پێشێلکردنی "هەموو بەها مرۆییەکان" تۆمەتبار دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی 16مین کۆبوونەوەی نائاسایی لووتکەی سەرکردەکانی رێکخراوی هاریکاری ئابووریی کە لە تاشکێنت-ی پایتەختی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "لە کۆی 11 هەزار غەززەیی کە بێبەزەییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، 73%یان ژن و منداڵن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "حکومەتی ئیسرائیل کە پشتیوانی تەواوی وڵاتانی رۆژئاوای هەیە، بە پێشێلکردنی هەموو بەها مرۆییەکان، بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە، نەخۆشخانە، زانکۆ و یەکەکانی نیشتەجێبوونی سڤیل و جیهانیش بێدەنگە. رووبەڕووی دەمارگیرییەک بووینەتەوە کە رەوایەتیی دەدات بە کوشتنی منداڵانیش".
سەبارەت بە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ کەرتی غەززە، ئەردۆغان رایگەیاند، "تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی برایانی میسری 10 فڕۆکە هاوکاری مرۆییمان رەوانەی فڕۆکەخانەی ئەلعريش کردووە کە زیاترە لە 230 تۆن. ئامادەکارییەکانیشمان درێژەیان هەیە بۆ رەوانەکردنی دوو کەشتی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچەکە".
ئەوەیشی خستەڕوو، رێکخراوی هاریکاری ئابووریی کە خاوەنی 500 ملیۆن دانیشتووانە و تێکڕای داهاتی 1.5 تریلیۆن دۆلارە، بێگومان لەم رووەوە خاوەنی پێگەیەکی گرنگە و، گوتی: "ئەگەر وەک رێکخراوی هاریکاری ئابووریی و هەموو وەک موسڵمانان ئەمڕۆ دەنگ بەرزنەکەینەوە، ئەی کەی دەنگ هەڵبڕین؟".
رێکخراوی هاریکاری ئابووریی ساڵی 1985 لەلایەن پاکستان، ئێران و تورکیا دامەزرا. دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، هەریەک لە ئازەربایجان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کڕگیزستان، تاجیکستان و ئەفغانستان بوونە ئەندامی رێکخراوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ