راوێژكارێكی پێشووی میت: گولەنییەكان گفتوگۆكانی ئۆسلۆیان لەگەڵ پەكەكە شكستپێهێنا
رووداو - هەولێر
راوێژكارێكی پێشووی میت ئاشكرایدەكات، گفتوگۆكانی ئۆسلۆ لەگەڵ پەكەكە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە 40 ساڵ شەڕ بووە، بەڵام لەلایەن هێزی دەرەكی و گولەنییەكانەوە پرۆسەكە شكستیپێهێنرا.
ئەمرە تانەر، راوێژكاری پێشوو لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت)ی توركیا لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی وڵاتەكەی لەبارەی هەوڵی كودەتاكە شكستخواردووەكەی 15ی تەمموز، رایگەیاندووە "گفتوگۆكان لەگەڵ پەكەكە ناپاكی نەبووە، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ راگرتنی پەكەكە".
ئەمرە تانەر دەڵێت "گولەنییەكان لەوه نیگەران بوون، كه كێشەی تیرۆر لەلایەن حكومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە چارەسەردەكرا".
ئەو راوێژكارەی پێشووی میت ئاماژەی بەوەنەكردووە، كە كام دەزگای هەواڵگری لەپشت بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكانی گفتوگۆكانی ئۆسلۆ بووە، بەڵام دەڵێت "ئەوانەی دەیانویست پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت، ئەو تۆمارەیان بڵاوكردەوە". "جەماعەتی خزمەت"ی سەر بە فەتحوڵڵا گولەنیش، بە گومانلێكراوی سەرەكی لەو پرسەدا دادەنێت.
ئەمرە تانەر دەڵێت "هەوڵی كودەتا دادوەرییەكەی 17 بۆ 25ی كانوونی یەكەمی 2013ـش پرۆسەیەكی ئاڵۆزتری دووبارەبووی 7ی شوباتی 2012 بوو، كە هەستی تۆڵەكردنەوەی تێدابوو".
لەبارەی گفتوگۆكانی ئۆسلۆ لەگەڵ پەكەكە، لە 7ی شوباتی 2012 داواكارێكی گشتی (سەر بە گولەن) دەیویست لێپرسینەوە لە هاكان فیدان، سەرۆكی میت و دواتریش پرۆسەكە فراوانتربكات بۆ دەستگیركردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی توركیا. ئەو هەنگاوەی گولەنییەكان وەك هەوڵی كودەتا بەسەر ئەردۆغان دانرا.
دواتریش لە 17 بۆ 25ی كانوونی یەكەمى 2013 لە هەوڵێكی دیكەدا، كە حكومەتی ئەردۆغان خستییە ئەستۆی گولەنییەكان، بە تۆمەتی گەندەڵی چەند وەزیرێكی حكومەتی توركیا دەستگیركران.
لە 15ی تەمموزی 2016 جارێكی دیكە هەوڵی كودەتا لە توركیا درا، بەڵام كودەتاكە شكستیپێهێنرا و زۆرینەی ئەوانەش لەپشییەوە بوون، دەستگیركران. سەرۆككۆماری توركیاش فەتحوڵڵا گولەنی بە تۆمەتباری سەرەكی كودەتاكە نێوبرد و داواش لە ئەمریكا دەكات رادەستی وڵاتەكەی بكاتەوە.