سەرۆکپارتێکی تورکیا: ئەردۆغان و باخچەلی بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان رازین

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گرت و گوتی، ئەوان رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نیشانداوە.
 
لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دۆغو پەرینچەک رۆژی 8-10-2024 باسی لە نزیکبوونەوەی ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد و رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی و مەهەپە گرت.
 
سەبارەت بەو تەوقەکردنەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ فراکسیۆنی دەم پارتی؛ دۆغو پەرینچەک گوتی: "لە رێڕەوی پەرلەمان کاتێک تووشی یەکدی دەبن، یان لە کۆبوونەوەیەکدا تەوقە دەکرێت. ئێمەش تەوقە دەکەین و هەر ئەمەش راستە. بەڵام لە ناو هۆڵی پەرلەماندا تۆ لەسەر کورسییەکەی خۆت هەڵبستیت و لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بڕۆیتە لای دەم پارتی و تەوقەیان لەگەڵدا بکەیت، بەشێکی پرۆژەیەکە".
 
دۆغو پەرینچەک هەروەها باسی لە روونکردنەوەی دەولەت باخچەلی لەمبارەیەوە کرد و جەختیکردەوە، ئەو تەوقەکردنە بە راوێژ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بووە. 
 
پەرینچەک هەروەها رەتیکردەوە ئەو تەوقەکردنە رەهەندێکی مرۆیی هەبێت و بە پەیامێکی تایبەت بۆ پرۆژەی دەوڵەتی کوردستان ناوی برد.
 
پەرینچەک: تەوقە لەگەڵ دەم پارتی، تەوقەیە لەگەڵ پەکەکە
 
سەرۆکی پارتی وەتەن هەروەها گوتی: "ئەمە دووبارە گەرمکردنەوەی پلانی کوردستانە لە ژێر پارێزگاریی تورکیا. دواجار ئەو دەستەی گوشراوە، دەستی پەکەکەیە. دەم پارتی خۆی دەڵێ پەکەکە لە پشتمانە. ئەمە ناشارنەوە. بەڕێز دەولەت باخچەلی دەچێت دەستی پەکەکە دەگوشێت. ئەمە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ دەستگوشینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جەمیل بایک. جا دواتریش دەڵێت من لەگەڵ تەیب ئەردۆغان کۆبوومەوە و ئەمەم لە چوارچێوەی پلانێکدا کرد".
 
پەرینچەک: پلانی دروستکردنی کوردستان لە ژێر چاودێریی تورکیا هەیە
 
سەرۆکی پارتی وەتەن هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمریکا پلانێکی هەیە و ساڵانی 1963 و دواتریش ساڵی 1988 بەردەوام ئەو پلانەی هێناوەتە بەردەم تورکیا، گوتیشی: "پلانەکە ئەوەیە کە دەڵێن با کوردستان بخەینە ژێر چاودێریی (حیمایە) ئێوە. دەڵێن با کوردستان دابمەزرێنین. لە باکووری سووریا رێڕەوێکی کوردی؛ رێڕەوێکی ئیسرائیل-ئەمریکایان کردەوە. لە باکووری عێراقدا لەگەڵ جەنگی یەکەمی کەنداو لە 1991 و دواتریش لە جەنگی دووەمی کەنداو کە ساڵی 2003 بوو و بەهاری دووەم بوو، دەوڵەتۆکەیەکی کوردستانیان دامەزراند. ئێمە پێی ناڵێین دەوڵەتی کوردستان، دەڵێین دەوڵەتی بووکەڵە. بارزانیستانێکیان دروست کرد. ساڵی 2011 لەگەڵ شەڕی نێوخۆی سووریا رێڕەوی ئەو بارزانیستانەیان بەرەو دەریای سپی کردەوە".
 
پەرینچەک: ئەردۆغان و باخچەلی بە پلانی دەوڵەتی کوردستان رازین
 
دۆغو پەرینچەک پێیوایە بەشی سێیەمی پرۆژەکە ئەوەیە، رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان بکرێتە دەوڵەتێک و ئامەد بکرێتە پایتەخت. هەروەها گوتی: "ئێستا دەبینین ئەو پرۆژەیە دووبارە هاتووەتەوە سەر مێزی دیالۆگ و تەیب ئەردۆغان و دەولەت باخچەلیش پێی قایلن".
 
پەرینچەک پێشنیازی پارتەکەی بۆ حکومەتی تورکیا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەنقەرە پێویستە لەگەڵ شام هاوئاهەنگی بکات و ئاستی هاوئاهەنگییەکەی بگەیەنێتە رەهەندی سەربازی. ئەوکات دەتوانێت رێگری لە پلانە جۆراوجۆرەکان بکات.
 
پەرینچەک: کوردستان نەوتی دەبێت و بەندەرێکیشی لەسەر دەریا دەبێت
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی قایلکردنی تورکیا بەو پرۆژەیە دۆغو پەرینچەک گوتی: "ئەگەر کوردستانێک دابمەزرێت، بێ سێ و دوو هێزی پێشڕەو و سەرەکییەکەی کوردانی تورکیا دەبن. ناوەندەکەشی دیاربەکر دەبێت. هەر بۆیە کوردستان بەبێ ئەو بەشەی تورکیا و بە بێ کوردانی تورکیا دروست نابێت. جا ئەو کوردستانە نەوتی دەبێت و بەندەرێکیشی لەسەر دەریا دەبێت".
 
دۆغو پەرینچەک هەروەها باس لەوە دەکات بەشی زۆری قۆناخەکانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان جێبەجێکراون و ئێستاش هەوڵەکان لەسەر تورکیا چڕکراونەتەوە. 
 
پارتی وەتەن ساڵی 2015 بە سەرۆکایەتیی دۆغو پەرینچەک دامەزرا. پارتێکی سۆشیالیستە. ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی حوزەیرانی 2018 دا، 117 هەزار و 713 دەنگی هێنا کە 0.23٪ی دەنگەکانی تورکیا بوو. هەروەها لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023 دا 0.1٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
ئەو پارتە هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا نییە. بەڵام سەرۆکی ئەو پارتە رۆڵی لە بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی دەوڵەتی تورکیادا هەیە.