رووداو دیجیتاڵ
ئەو خۆپێشاندەرانەی لە پارێزگاکانی وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵی تورکیا لە رێپێوانی ناسراو بە "بەرەو ئازادی رێپێوان دەکەین" دەستگیرکرابوون، ئازاد کران.
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی یەکەم بەبۆنەی 24 ـەم ساڵڕۆژی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندانی کرد.
لە خۆپێشاندانەکەی ئیستەنبووڵ کە لە شارۆچکەکانی بەیئۆغڵو-کادیکۆی-ئەسەنیورت بەڕێوەچوو 42 کەس دەستبەسەرکران.
دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ئیستەنبووڵ، درەنگی شەوی رابردوو سەرجەمیان ئازادکران.
لە خۆپێشاندانەکەی شاری وانیش کە هەمان رۆژ بەڕێوەچوو 55 کەس دەستبەسەرکران لە نێویاندا ژمارەیەک بەرپرسی هەدەپە و پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-دەبەپە هەبوون. دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، درەنگی شەو سەرجەمیان ئازادکران.
خۆپێشاندەرەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا رووبەڕووی تووندوتیژی پۆلیس بوونەوە و ژمارەیەکیان قۆڵبەست کران. لەکاتی وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان لە خۆپێشاندەرە دەستبەسەرکراوەکانیان پرسیوە: "نازانن ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەخەکراوە؟"
لە جۆلەمێرگ، جگە لەوەی لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە بە ناوی حەبیب ئێکسیک درا، 20 خۆپێشاندەریش دەستبەسەرکران و دوای وەرگرتنی گوتە لێیان ئازادکران.
هەمان رۆژ لە خۆپێشاندانەکانی شاری ئامەد زیاتر لە 50 خۆپێشاندەر دەستبەسەرکران کە لە نێویاندا ژمارەیەک بەرپرسی هەدەپە هەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ