لە تورکیا و باکووری کوردستان 7,000 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەندکراون

10-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پار 40 هەزار دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان پێشکێشی دادگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کراون، زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەو تاوانە بەندکراون. 
 
وەزارەتی دادی تورکیا راپۆرتی "دادپەروەری 2023"ـی بڵاوکردەوە. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان خراوەتەڕوو. تێیدا هاتووە، لە دادگاکاندا 40 هەزار و 713 دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە دژی 36 هەزار و 275 تۆمەتبار تۆمارکراون. 
 
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆی 36 هەزار و 275 تۆمەتباردا حەوت هەزار و 88 تۆمەتبار بە بەندکردن سزادراون و حەوت هەزار و 108 تۆمەتباریش بێبەری بوون، پرۆسەی دادگەییکردنی 22 هەزار و 79 تۆمەتباریش بەردەوامە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەرکە لە ساڵانی نێوان 2015-2023دا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان 94٪ زیادیکردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، 14 هەزار و 184 دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە دادگەکاندا بەبێ سزا یەکلایی کراونەتەوە و 14 هەزار و 299 دۆسیەی دیکەش بووەتە کەیسی رای گشتی. بەمەش لە شەش هەزار و 656 دۆسیەدا حەوت هەزار و 88 تۆمەتبار بە بەندکردن سزادراون. هەروەها لە شەش هەزار و 211 دۆسیەدا حەوت هەزار و 108 تۆمەتبار بێبەری بوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە