ئەردۆغان: بە پاککردنەوەی باکووری سووریا لە 'تیرۆر' هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ لەناو دەبەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بە پاککردنەوەی باکووری سووریا لە رێکخراوە "تیرۆریستییەکان" هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ لەناو دەبەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئەیلولی 2023، دوای کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی جی 20، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی قەیرانی پەنابەرانی کرد و گوتی "پێویستە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکانیان مسۆگەر بکرێت، ئێمە پێمانوایە دەکرێت جیهانێکی دادپەروەرتر هەبێت".
ئەردۆغان گوتی، "هۆکاری کێشەکانمان کەمتوانایی نییە، بەڵکو نەبوونی بەزەییە. ئێمە وەک تورکیا ناڕەزایەتیمان بەرامبەر بەو نادادپەروەرییانە هەیە. ئێمە پێمانوایە دەکرێت جیهانێکی دادپەروەرتر هەبێت. ئێمە پشتگیریی زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی ستەملێکراو دەکەین کە پەنایان بۆ وڵاتەکەمان بردووە".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، "بە پاککردنەوەی باکووری سووریا لە رێکخراوە 'تیرۆریستییەکان'، دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی، دابینکردنی پێداویستییەکان لە هەموو بوارێکدا لە پەروەردەوە تا ئاسایش، ئەو هۆکارە سەرەکییانە لەناو دەبەین کە خەڵک ناچاری کۆچ دەکەن".
ئەردۆغان گوتیشی، تائێستا نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی سووریا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.