جەهەپە: گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو لەبارەی سوپای تورکیا قبوڵ ناکرێن
رووداو دیجیتاڵ
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە سەبارەت بە سوپای تورکیا قبوڵ ناکەن و ئەو بابەتە لەنێو پارتەکەیاندا دەخەنە بەر باس.
شەوی هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023، سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لە تاوانەکانی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان کرد و گوتی، "سوپای تورکیا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمەتبارکراوە بەوەی لە پارێزگای ئامەد 15 هاووڵاتی لە هێلیکۆپتەر فڕێداوەتە خوارەوە."
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە رۆژی شەممە 9ـی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی پەرلەمانتارەکەی دایەوە و گوتی "لێدوانەکانی سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری دیاربەکر (ئامەد) سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە رووناکی چاوی میللەتەکەمانن، جێگەی قبوڵکردن نییە."
ئۆزتراک دەڵێت، ئەم پرسانە لە کۆمیسیۆنەکانی دەسەڵاتی پارتەکەیاندا دەخرێنەڕوو. هەمان رۆژ داواکاری گشتیی ئەنقەرە، لێکۆڵینەوەی لەبارەی سەزگین تانریکوڵو دەستپێکرد.
داواکاری گشتی ئەنقەرە دەڵێت "بەهۆی گوتەکانی تانریکوڵو لە 8ـی ئەیلوول لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی تیڤی 100، بەپێی بڕگەی 216 ـی مادەی 301ـی یاسای سزادانی تورکیا، بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە گەلی تورکیا و دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاندانی رق و دوژمنایەتی، لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە."
سەزگین تانریکوڵو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نووسراوێكی فەرمی لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی داواکاری گشتیی ئەنقەرەی دایەوە و دەڵێ، "ئەو لێکۆڵینەوەیەی داواکاری گشتی ئەنقەرە لە رۆژێکی پشوودا لەبارەی منەوە دەستیپێکردووە و بۆ رای گشتیی راگەیاندووە، نابێت پشتگوێ بخرێت."
تانریکوڵو سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە نووسیویەتی "داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە رای گشتی راگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە دژی من دەستیپێکردووە. لێرەدا دوو بابەت هەن؛ یەکەم؛ خۆبەخاوەنزانینی پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی ئاکپارتی لەو پێشێلکارییە جددییانەی بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەلمێنراون، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بەر لە دامەزراندنی ئاکپارتی بەرامبەر بە کورد کراون بە پاساوی بەردەوامیی کارەکانی دەوڵەت، جارێکی دیکە داننانە بەو راستییەی ئاکپارتی خاوەنی نوێی دەوڵەتی قوڵە. دووەم؛ لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئەنقەرە کە دەبووایە بە دوای باند و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵکاراندا بڕوات، کەچی لە رۆژێکی پشوودا لەبارەی منەوە دەستیپێکردووە و بۆ رای گشتی راگەیاندووە، نابێت پشتگوێ بخرێت."
تانریکولو هەروەها دەڵێ "راستییەکانی رابردوو بەپێی بارودۆخی سیاسی ئێستا ناگۆڕدرێن. لە خوارەوە بە کورتی دوو کەیس باس دەکەم کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای بەسەر تورکیادا سەپاندووە. یەکەم بڕیار سەبارەت بە رووداوەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 ـیـە لە شارۆچكەی پاسووری دیاربەکر، کە چۆن 11 گوندنشین لەدەستچوون. دەوڵەت نکۆڵی لەوە دەکات کە ئەم گوندنشینانە دوای ئەوەی بە هێلیکۆپتەر براون، دیارنەماون، بەڵام کەسوکاری ئەو 11 کەسە گەواهیدەری ئەوەن ئەوانە بێسەروشوێن کراون."
سەبارەت بە دۆسیەی دووەمیش پەرلەمانتارەکەی جەهەپە دەڵێت "دۆسیەی دووەم بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە سەبارەت بە بۆردوومانی گوندەکانی کوشکۆنار (گەڤەر) و کۆچاگیلی (بێشوکێ) لە شرناخ و کوشتنی 33 گوندنشین بە فڕۆکەی جەنگی. ئەمانە بڕیاری من نین، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپان."
سەزگین تانریکوڵو کە لە هەمانکاتدا پارێزەرە، شەوی هەینی هەشتی ئەیلوولی 2023 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە، رەخنەی لە سوپای وڵاتەکەی گرت و ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی ئەو دۆسیانەی لە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بەدواداچوونیان بۆ دەکات، سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەرەوە.
تانریکوڵو گوتیشی، فڕێدانی ئەو 15 گوندنشینە لە هەلیکۆپتەر، لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلایی بووەتەوە، هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا گوندیان سووتاندووە و بۆردوومان کردووە.
گوتەکانی تانریکوڵو کاردانەوەی بەشداربووەکانی دیکەی بەرنامەکەی لێکەوتەوە کە لە ستۆدیۆ ئامادەبوون. ئەوان ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە بری رەخنەگرتن لە پەکەکە، رەخنە لە سوپای تورکیا دەگرێت و بەردەوام بەها نەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات، سووکایەتی و بوختانی ناشیرین هەڵدەبەستێت.
سەزگین تانریکوڵو لە وەڵامدا گوتی، "دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا هەشت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لە بارەی دۆسیەی فڕێدانی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەر دەرکردووە."
تانریکوڵو لەسەر کاردانەوەکانیان لە ئامادەبووانی پرسی، "ئەو هەموو گوندە کێ سووتاندنی، ئەو سوپایەی کە لە رووسیاوە هاتبوو؟ رووداوەکانی رۆبۆسکی هێشتا تازەن، ئایا ئەو فڕۆکانەی کە لە رووسیا هاتن، یان ئەو فڕۆکانەی کە لە ئەرمینیاوە هاتن، ئەوان بۆردوومانیان کرد؟"
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپەی ئامەد ئاماژەی بەوەدا، لێپرسینەوە لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن، گوتی "هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکات دوور نییە لە رەخنە، ئێمە پەرلەمانتارین و لێپرسینەوە دەکەین. ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە گومانانە لەسەر هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئەو لێپرسینەوەیە دەکەین."