رووسیا پەیامی میوانداریکردنی دیداری ئەردۆغان و ئەسەد بە لایەنەکان دەدات

10-08-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا نیشاندا و جەختیکردەوە کە ئەو دیدارە پێویستی بە ئامادەکارییەکی باشە.
 
ئەگەری دیداری ئەردۆغان و ئەسەد کە بەردەوام لە رۆژەڤی تورکیا و وڵاتانی دیکەیە، ئەمجارە لەلایەن مۆسکۆوە و لە ئاستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە باسکرا.
 
رۆژی هەینی 9-8-2024 میخائیل بۆگدانۆڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی رووسیا کە هاوکات نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمیر پووتینە بۆ دۆسیەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا، باسی ئەگەرەکانی نزیکبوونەوەی تورکیا و سووریای کرد.
 
بۆگدانۆڤ بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دانوستاندنەکانی نێوان ئەنقەرە و شام، هەروەها دیداری ئەردۆغان و ئەسەد، بە هاوکاریی مۆسکۆ ئامادەکارییان بۆ دەکرێت. 
 
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە کە دیداری ئەردۆغان و ئەسەد 'زۆر باش' دەبێت و گوتی "دیدارێکی لەمجۆرە ئامادەکارییەکی باشی دەوێ. ئێمە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-سووریاین کە بە دوولایەنە، لەسەر بنەمای ناسینی یەکێتیی خاک و سەروەری بێت."
 
بۆگدانۆڤ جگە لەوەی ئامادەیی مۆسکۆی بۆ ئەو هەوڵە نیشاندا، گوتی "ئێران و عێراقیش گرنگییەکی زۆر بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا دەدەن. ئاساییبوونەوە کاریگەریی ئەرێنیی بۆ سووریا و دەوروبەرەکەی دەبێت." 
 
ئەردۆغان پێشتر باسی لە هەوڵی پووتین کردبوو
 
رۆژی 5-7-2024 لەکاتی گەڕانەوەی لە 24ـەمین لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاریی شەنگھای کە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، لەنێو فڕۆکەدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "رەنگە لەگەڵ بەڕێز پووتین بانگهێشتی بەشار ئەسەد بکەین. ئەگەر بەڕێز پووتین سەردانێکی بۆ تورکیا هەبێت، ئەوە سەرەتای ئەو قۆناخە دەبێت."
 
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ شام پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021 دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کردەوە. 
 
تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. ئەیلوولی رابردووش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە