سکرتێری گشتیی ناتۆ: ئەردۆغان رازیبووە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بباتە پەرلەمانی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا رازی بووە، داواکاریی سوێد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتییەکە، بنێرێتە پەرلەمانی تورکیا تاوەکو پەسندی بکات.
رۆژی دووشەممە، 10ی تەممووزی 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ئێوارەی رۆژی دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە شاری ڤیڵنیەسی پایتەختی لیتوانیا کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان رازی بووە، داواکارییەکەی سوێد بخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی لەزووترین کات تاوەکو دەنگی لەسەر بدات.
هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. خۆشحاڵم رایبگەیێنم سەرۆک ئەردۆغان رازی بووە لە زووترین کاتدا، پرۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی سوێد بنێرێتە ئەنجوومەنی نیشتمانی و لەگەڵ پەرلەمانیش کار بکات تاوەکو دڵنیابن لەوەی پەسند بکرێت".
ئەم بڕیارەی تورکیا تەنیا رۆژێک لە پێش دەستپێکردنی 37ـەمین لووتکەی ناتۆ دێت، کە بڕیارە رۆژانی 11 و 12ی ئەم مانگە لە لیتوانیا بەڕێوەبچێت و پرسی سەرەکی لووتکەکەش پرۆسەی ئەندامبوونی سوێدە.
ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە ڤیڵینیەس، سەبارەت بە کۆبوونەوە و رێککەوتنی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند "بڕیارەکەی تورکیا و رێککەوتن لەگەڵیان رۆژێکی خۆشە بۆ سوێد".
پاش کۆبوونەوەکەش، تورکیا و سوێد راگەیێندراوێکی حەوت خاڵیان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا رازیبوون درێژە بە کارە هاوبەشەکانیان بدەن، کە ساڵی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە مەدرید واژۆیان کردبوو.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە. هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ئاسایشی هاوبەش لەسەر ئاستی وزاری و لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو کۆمیتەیەش سوێد نەخشەڕیگەی خۆی بۆ بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر پێشکێش بە تورکیا دەکات.
لەدرێژە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوێد دووپاتیکردووەتەوە هیچ هاوکارییەک پێشکێش بە یەپەگە و پەیەدە و فەتۆ ناکات و هەردوو وڵاتیش رازیبوون بە هاوئاهەنگی درێژخایەنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا سوێد رازیبووە بە لابردنی سەرجەم بەربەستەکانی فرۆشتنی چەک بە تورکیا.
لە دوای خاڵیشدا هاتووە لەسەر ئەم بنەما و لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی رێگری و بەرگری لە ناوچەی یەکێتی ئەوروپا و ئەتڵەسی، تورکیا پڕۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی سوێد رەوانەی پەرلەمان دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە پەسەندکردنی داواکارییەکە.
مانگی ئایاری رابردوو، تەنیا نزیکەی سێ مانگ لەدوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، سوێد و فینلاند، بە فەرمی داوایان پێشکێش بە ناتۆ کرد تاوەکو ببنە ئەندام.
بەگوێرەی پەیڕەوی هاوپەیمانێتی ناتۆ، پێویستە سەرجەم ئەندامانی ناتۆ، بڕیاری ئەندامبوونی وڵاتی نوێ پەسند بکەن، لە مانگی نیسانی رابردوو، داواکەی فینلاند پەسند کرا و بووە 31ـەمین ئەندامی ئەو رێکخراوە، بەڵام تورکیا و هەنگاریا داواکەی سوێدیان راگرت.
لەوکاتەشەوە، سوێد لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاری کردووە تاوەکو گوشار بخەنە سەر تورکیا هەڵوێستی بگۆڕێت و بەرپرسانی باڵای تورکیاش لە بەرامبەردا داوایان لە سوێد کردووە ئەندامانی پەکەکەیان رادەست بکاتەوە و رێگەش نەدات لایەنگرانی پەکەکە و فەتۆ چالاکی و خۆپێشاندان بکەن.
لەگەڵ ئەوەی سوێد چەند جارێک رایگەیاندووە ئەوان پابەندییەکانیان بەرامبەر بە تورکیا جێبەجێکردووە، لەنێویشیان پەسندکردنی یاساییەکی نوێی تیرۆر کە ئەندامبوونی هەر رێکخراوێکی تیرۆرستی قەدەخە دەکات.
لە هەمان کاتدا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی دیوانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، رایگەیاند وڵاتەکەی بەنیاز نییە هیچ بەربەستێک بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ دروست بکات.
هەروەها جۆ بایدن، کە بڕیارە لە لووتکەی ناتۆ بەشدار بێت لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکەی تورکیا راگەیاند و گوتی "چاوم لەوەیە پێشوازی سەرۆکوەزیران کریستەرسن و سوێد بکەم وەکو 32ـەمین هاوپەیمانی ناتۆمان".