مامۆستایانی تورکیا و باکووری کوردستان بایکۆتی دەوامیان کرد

11-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کاردانەوەی کوشتنی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ئیستەنبووڵ لەلایەن قوتابییەکی بە رەچەڵەک عێراقییەوە، مامۆستایانی تورکیا و باکووری کوردستان بایکۆتی یەک رۆژی دەوامیان کرد و چوونە سەر شەقامەکان.
 
لەسەر بانگهێشتی هاوبەشی سەندیکای پەروەردە (ئەیتیم-سەن)، سەندیکای گشتی پیشەگەرانی پەروەردەیی (ئەیتیم-ئیش)، سەندیکای فەرمانبەران (مەمور-سەن) و رێکخراوی پەروەردەی ئازاد؛ رۆژی هەینی (10ی ئایاری 2024) لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، مامۆستایان بۆ رۆژێک بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و لە خاڵێکی دیاریکراوی شارەکاندا رێپێوانیان بۆ بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە کرد، تاجەگوڵینەی رەشیان لەبەردەم دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکەدا دانا.
 
راگەیاندنی یەک رۆژی بایکۆت و رێپێوانی مامۆستایان، لە کاردانەوەی کوژرانی مامۆستا ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی ئەنادۆڵ لە ناوچەی ئەیوب سوڵتان لە ئیستەنبووڵ هات، کە رۆژی 7ـی مانگ بەدەستی (یوسف ک.) قوتابی بە رەچەڵەک عێراقی بە دەمانچە کوژرا.
 
لە دەستپێکی رێپێوانەکەدا، مامۆستایان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، تاجەگوڵینەی رەشیان لەبەر دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دانا، دواتر بەرەو ناوەندی شار و گۆڕەپانێکی دیاریکراودا رێپێوانیان کرد و بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و گوتنەوەی دروشم درێژەیان بە چالاکییەکانیاندا.
 
مامۆستایان؛ دروشمەکانی "ئیدی بەسە" و "با شکۆ و گیانی مامۆستا بپارێزرێت" و "لەبەردەم سوکایەتی، بێڕێزی، ئازار و ئەشکەنجەدان بێدەنگ بوون، تا رووبەڕووی مەرگ بووینەوە. کەی بەرگریمان لێدەکەن؟ چۆن دەمانپارێزن؟" و "ئەمجارە دەستی تاوانی کۆچبەر و پەنابەران مامۆستایانی گرتەوە" و "مەترسی لەسەر گیانمان هەبووە و هەیە" بەرزکردەوە.
 
بەشێکی زۆری لقی پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانی سەندیکای پارێزەران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە رێپێوانەکە بەشداربوون.  
 
سەندیکای پەروەردە (ئەیتیم سەن)، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسایەکی نوێ بۆ پاراستنی مامۆستایان و ماف و ئیمتیازەکانیان پێشکێشی پەرلەمان دەکەن. بۆ ئەمەش داوای پشتگیرییان لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد. 
 
رۆژی 8ـی ئایاری 2024، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵەی بە رەچەڵەک عێراقی، کە تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کرد و کوشتی، بە بڕیاری دادگە دەستبەسەرکرا و بە بەندکردن سزاد درا. 
 
کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی (7ـی ئایاری 2024) قوتابییەک بەناوی (یوسف ک.) کە بەرەچەڵەک هاووڵاتیی عێراقییە، لە ناوچەی سوڵتان ئەیوب لە ئیستەنبووڵ بە دەمانچە تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کردووە و کوشتی. قوتابییەکە لە 11مین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکرا و بە بەندکردن سزا درا و رەوانەی گرتووخانە کرا. 
 
ئەو قوتابییە کە پێنج مانگ لەمەوبەر "بەهۆی لادانی لە رێسای پەروەردەیی و هەڵسوکەوتی نادروست دەرکراوە"، بە دەمانچەوە چووەتە ژووری ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەرێوەبەری قوتابخانە و سێ گولـلەی پێوەناوە. قوتابییە عێراقییەکە رایکردووە. مامۆستاکان کە گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، چوونەتە ژووری بەڕێوەبەر و پەیوەندییان بە تیمی تەندروستییەوە کردووە.
 
سێ کاژێر دوای رووداوەکە، قوتابی (یوسف ک.) لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵە، لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بووە. هاوکات پۆلیس باس لە بوونی تۆمەتی دیکە لەسەر ئەو قوتابییە عێراقییە دەکات.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی پۆلیس، قوتابییەکە کانوونی یەکەمی پار تووشی کۆمەڵێک کێشە بووە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی. دواجار بە بڕیاری قوتابخانە لە خوێندن دەرکراوە و لە وەرزی خوێندنی 2023-2024 بێبەشکراوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، ساڵی 2023 لە تورکیادا 3 هەزار و 773 شەڕ و پێکدادان روویانداوە. لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون. 763 لەو رووداوانە لە باکووری کوردستان روویانداوە و 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە