کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

11-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت. ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی نیسانی 2025، چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا (ADF2025) دەستپێدەکات؛ لە رۆژانی 11-13ـی نیسان لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ناونیشانی "بەردەوامبوون لەسەر دیپلۆماسی لە جیھانێکی دابەشکراودا" بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە چوار هەزار میوانی نێوخۆیی و بیانی لەنێویاندا 20 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 50 وەزیری دەرەوەی وڵاتان، 70 وەزیری دیکەی وڵاتان، 60 نوێنەری باڵای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری لە کۆڕبەندەکەی ئەم ساڵدا بکەن. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو 20 سەرۆک و سەرکردەیەدایە کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکە پێشکێش بکات.
 
لە ماوەی هەر سێ رۆژەکەدا 52 پانێڵ بەڕێوەدەچن. ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکرێت، وەک گۆڕانی کەشوھەوا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایشی خۆراک و ژیریی دەستکرد.
 
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021. دووەمین کۆڕبەند لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022. ساڵی 2023 بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو. سێیەمین کۆڕبەندیش لە رۆژانی 1 تاوەکو 3ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو. 
 
ماڵپەڕی کۆڕەبەندەکە لەبارەی ئەجێندای ئەم ساڵ رایگەیاندووە: "زیادبوونی کەلێنە جیۆپۆلەتیکییەکان، قووڵبوونەوەی نایەکسانی جیهانی، زیادبوونی تووندوتیژی کە هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج، نەبوونی لێبووردەیی بەرامبەر بیروبۆچوونە جیاوازەکان، نادڵنیاییەکانی بەرهەمی شڵەژانە تەکنەلۆژییەکان و کاریگەرییە فرەڕەهەندەکانی قەیرانی ژینگەیی، هەموویان هەستی هاوبەشی دادپەروەرییان تێکداوە و متمانەیان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز کردووە. ناتوانایی سیستمی نێودەوڵەتی ئێستا لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم ئاڵنگارییە هاوچەرخانە، زیاتر گوشاری خستووەتە سەر هەوڵەکانی هاوکاری کە پێشتریش گرفتار بوون."
 
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەرکردە جیهانییەکان، سیاسەتڕێژان، ئەکادیمییەکان، پسپۆڕانی بازرگانی و هەروەها نوێنەرانی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن دیپلۆماسی دەتوانێت رەوتەکە بگۆڕێت و رێنماییمان بکات لە جیهانێکی دابەشبوودا بۆ دۆزینەوەی زەوینەیەکی هاوبەش بۆ کاری بەکۆمەڵ.

ئامانجی کۆڕبەندی ئەم ساڵی ئەنتاڵیا وەک لە ماڵپەڕەکەیاندا باسکراوە، "هاندانی گفتوگۆیە بۆ پێناسەکردنەوەی رۆڵ و بنەما سەرەکییەکانی دیپلۆماسی لە کەشێکی زیاتر جەمسەرگیردا. لە رێگەی گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارە رەسەنەکانی کێشە جۆراوجۆرەکان، کۆڕبەندکە سیاسەتڕێژان هاندەدات بیر لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەم سەردەمە شڵەژاوە لەلایەن دیپلۆماسییەوە بکەنەوە."

زانیاریی زیاتر

ساڵی رابردوو، چوار ھەزار و 700 کەسایەتی لە 147 وڵاتەوە لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا 2024دا بەشداربوون، لەنێویاندا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و دوو سەرۆکی هەرێم و 52 وەزیری دەرەوەی وڵاتان.

لە یەکەم رۆژی چالاکییەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، 15 پانێڵ، لە رۆژی دووەمدا 21 پانێڵ و لە رۆژی سێیەم کۆتاییشدا 16 پانێڵ بەڕێوەچوون.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو 19 سەرکردەیە بوو بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشت کرابوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە