پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێشهاتێکی مێژووییە

10-04-2025
هێمن عەساف
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائێلی
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائێلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، پەرلەمانتارێکی ئەو پارتە بە رووداوی راگەیاند، "پێشهاتێکی مێژووییە". دەشڵێت، دەم پارتی "کە دوێنێ بە تیرۆریست ناودەبرا، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێشوازی لێدەکرێت." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی بێشتەپە-ی سەرۆکایەتیی لە ئەنقەرە، پێشوازیکرد لە سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی. کۆبوونەوەکە دوو کاژێری خایاند. 
 
لەمبارەیەوە، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائێلی، میوانی بوڵتەنی کاژێر 15:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ هێڤیدار زانا گفتوگۆی لەبارەی کۆبوونەوەکە کرد. 
 
گەرگەرلیئۆغڵو بە رووداوی راگەیاند، دەم پارتی کە دوێنێ بە تیرۆریست و پاشکۆی تیرۆر لە پەرلەمانی تورکیا ناودەبرا، ساڵانێکی زۆرە پەیوەندییەکان لەوپەڕی خراپیدا بوون و کەس ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەوی دیکە کۆببێتەوە. کەچی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمیی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی پێشوازییان لێکرا. گفتوگۆیەک لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو. ئەمە پێشهاتێکی گرنگ و مێژووییە. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، پێشوازیکردنی سەرۆککۆمار بۆ شاندی دەم پارتی سەرکەوتنی سیاسی و دیپلۆماسی کوردە کە لە رێگەی پارتێکی سیاسییەوە دەکرێت. ئەگەر پرۆسەی چارەسەریش سەرنەگرێ، هەنگاوەکانی ئەم پارتە زۆر گرنگ بووە و بە سیاسەت توانیوویەتی دەرگا داخراوەکان بکاتەوە و گۆشەگیرییەکان بۆ دەرفەت بگۆڕێت. 
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو باسی لەوەشکرد، هیوای هەمووان بێدەنگکردنی چەک و بەرگرتنە لە خوێنڕشتن. ئێستا لە قۆناخێکداین هەمووان دەبێ شان بخەنە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری سەربخرێت. چەندین ساڵە سەرباری هەموو ئاڵنگاری و بەربەستەکان، دەستبەرداری سیاسەتی دیموکراسییانەمان نەبووین و هەر بەمشێوەیەش بەردەوام دەبین. 
 
ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەکە دەوڵەت باخچەلی بە دەستپێشخەرییەکی گرنگ دەستیپێکرد. سەرەتا ئەردۆغان بێدەنگی نواند و دوورەپەرێز بوو، بەڵام دواتر رۆڵی سەرەکیی گرتەبەر و بەهێزەوە هەڵوێستی نواند. 
 
جەختی لەوەشکردەوە پێویستە لە سەرجەم هەنگاوەکانی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشداری کارای پێ بکرێت بۆ ئەوەی بنەماکانی ئەم پرۆسەیە تۆکمەتر بکرێت و بانگەشەکەی بۆ پەکەکە جێبەجێ بکات. 
 
روونیشیکردەوە، تەنیا بە دانانی چەک ئەم پرۆسەیە سەرناکەوێت، مەرجە وڵات تەواو دیموکراسی بێت و حکومەت میانڕەو بێت لەم ئاراستەیەدا. بۆ ئەمەش پێویستمان بە باشکردنی دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان و دەرکردنی بڕیاری لێبووردنی گشتی هەیە. گوتیشی: "پرسی کورد گەورەترین کێشەی تورکیایە، پێویستە بەهەموو شێوەیەک و لە هەموو رەهەندێکدا چارەسەر بکرێت. تاکە رێگەی چارەسەرکردنیشی بە ئاشتی دەکرێت." 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە