رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە ئیسرائیل دەکات کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و وڵاتانی دەوروبەری بهێنێت و دەشڵێت، رانەگرتنی هێرشەکان زیان بە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە دەگەیێنێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئیسرائیل و رەفتارەکانیان لە شوێنە پیرۆزەکاندا گرژی و ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا هەڵکشاندووە.
ئاکتورک رایگەیاند: "بەردەوامی چالاکییە نایاساییەکانی ئیسرائیل بۆ نیشتەجێکردن لە کەرتی رۆژئاوا و رانەگرتنی هێرشەکانی سەر وڵاتانی ناوچەکە زیان بە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەمان دەگەیەنێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، ئیسرائیل سەرەرای نەبوونی هیچ هەڕەشە و هێرشێک، بەبیانووی بێ بنەما و نابەجێ بەردەوامە لە هێرشەکانی بە ئامانجی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە. پێویستە هەرچی زووە کۆتایی بەوە بهێنێت.
راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتیشی: "داوا لە ئیسرائیل دەکەین بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ بنەماکانی دراوسێتی باش هەڵسوکەوت بکات و هاوکار بێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی و سەقامگیریی سووریا لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوچەکە. پێویستە ئیسرائیل دەستبەرداری فراوانخوازیی و داگیرکاریی بێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەرپرسیارێتی رێگرییکردن لەم کارە نایاساییە بگرێتە ئەستۆ."
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە، دوایین ئاماری رۆژانەی ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا، 40 کەس کوژران و 146 کەسی دیکەش برینداربوون.
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 50 هەزار و 886 کەس کوژراون و 115 هەزار و 875 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ