رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی پشووەکانی جەژنی رەمەزاندا دوو هەزار و 453 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە 26 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی نیسانی 2024، عەلی یەرلیکایا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، لە چوار رۆژی یەکەمی پشووەکانی جەژنی رەمەزاندا، لە رێگە سەرەکییەکاندا دوو هەزار و 453 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 870 کەسیش بریندار بوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، لە 24 کاژێری رابردووشدا 615 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە شۆفێری 24 هەزار و 432 ئۆتۆمبێل لە رێگەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە سزادراون و سزای پێبژاردنیش بۆ 38 هەزار و 425 شۆفێر کراوە.
لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا، پشووی جەژنی رەمەزان نۆ رۆژە و لە 6ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ـی نیسان بەردەوام دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە تورکیا و هاونیشتمانیان لە باکووری کوردستان بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی رەمەزان گەشت دەکەن. بەو هۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکاندا دروستبووە.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ رایگەیاندبوو، لە رۆژانی 5-7ی مانگدا 731 هەزار و 798 کەس لە رێگەی 4376 فڕۆکەوە گەشتیان بۆ شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمساڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن گەشت بکەن.
بهگوێرهی ئامارە فەرمییەکان، پار لە پشووی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە حهوت ملیۆن كهس گهشتیان کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پلانی ئەمنی و سەلامەتی رێگەوبانەکانی راگەیاندووە و دەڵێت، بۆ رۆژانی پشووەکە 210 هەزار و 440 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ئەرکدارکردووە و لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا بەسەر 22 هەزار و 800 تیم دابەشکراون و رۆژانە هەشت هەزار و 612 تیم بە 65 هەزار کارمەندەوە لە ئەرکدا دەبن. 30 هێلیکۆپتەر، 417 درۆن و 300 سەگی مەشقپێکراو بۆ ماوەی 24 کاژێر لە ئەرکدان.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش کردووە و لە 18 هەزار شوێندا تیمی تەندروستی و ئەمبوڵانسی گەڕۆکی خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی تەندروستی و رووداوی هاتوچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ