دەوڵەت باخچەلی: پێدانی فەرمانی دەستبەکاربوون بە عەبدوڵڵا زەیدان ئابڕووچوونە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە، دەستبەکاربوونی بەربژێری براوەی دەم پارتی لە وان بە ئابڕووچوون ناودەبات و هەڕەشەش لە جەهەپە دەکات.
لە پەیامێکیدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی چەند بابەتێک قسەی کرد.
باخچەلی لەبارەی عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان کە بەربژێری دەم پارتی بوو و بە جیاوازییەکی زۆر بردییەوە، گوتی، "بەشداریکردنی کەسێک کە بە ئاشکرا پەسنی پەکەکە دەکات، لەڕووی یاساییەوە ئابڕووچوونە؛ پێدانی فەرمانی دەستبەکاربوون بەو کەسە هەڵەیە."
عەبدوڵڵا زەیدان تەواوی رێکارە یاساییەکانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیای تێپەڕاند، ئینجا بووە بەربژێر. دەولەت باخچەلی رەخنەی لە دادگە و دامەزراوەی باڵاش گرت و گوتی، "چەواشەکاری و گەوجبوونە ئەگەر ئەمە بە رێزگرتن لە ویستی خەڵک بزانرێت."
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رەخنەی تووندی لە جەهەپە گرت، تەنانەت هەڕەشەی کرد.
جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، پارتی براوەی تورکیا بوو و ئەو ئەنجامەی لە ساڵی 1977ـەوە نەبووە.
لەمبارەیەوە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گوتی، "جەهەپە، هەروەک بەڵێنمان دابوو، بەربەستی نادیاری 25٪ـی شکاند". مەبەستی ئۆزەل ئەوەیە کە لە سەرەتای ئەم سەتەیەوە جەهەپە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا 25٪ـی زیاتری دەنگەکانی نەهێنابوو، بەڵام ئەم جارەیان لەو رێژەیە زیاتری هێنا.
باخچەلی توڕەیی خۆی بەرامبەر ئەو گوتەیەی ئۆزگور ئۆزەل دەربڕی و گوتی، "هەرگیز دەرفەت بەو کەسانە نادرێت کە دەڵێن بەربەستمان شکاند و مەبەستیان هێنانەخوارەوەی بنمیچی دەوڵەتی تورکە. دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی سندووقەوە دانەمەزراوە. مێژووی تورک بە سندووق نەنووسراوەتەوە. با هەمووان ئاگاداری هەنگاوەکانیان بن".
ئەم گوتانەی باخچەلی لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای هەڵبژاردن گوتی، "بە بوێرییەوە رەخنە لە خۆمان دەگرین و ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نیشانی دەدات کە دەنگمان لەدەستداوە".
لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، جەهەپە 37.77٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئاکپارتی 35.49٪، سەرلەنوێ رەفاهـ 6.19٪، دەم پارتی 5.7٪، مەهەپە 4.99٪ و ئیی پارتی 3.77٪ دەنگەکانی تورکیایان بردەوە.