کۆمپانیای ئۆرک: هەدەپە پشتگیری بکات، کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن سەردەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی دوایین راپرسی، کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆرک لە تورکیا کراوە، رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری "هاوپەیمانی میللەت" گەیشتووەتە 56.8% و رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەربژێری "هاوپەیمانی جمهوور" 43.2%ـە.  
 
کۆمپانیای ئۆرک ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژانی 4-6ـی ئاداری 2023 لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەبەشداری 1850 کەس کردوویەتی. 
 
محەممەد پۆستەکی، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوەی کۆمپانیای ئۆرک دەڵێت، دوای بوومەلەرزەکەی مەرەش دەنگی ئاکپارتی دابەزیوە و ئەگەر هەدەپە پشتگیری بکات، رەنگە کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە راپرسییەکی هەمان کۆمپانیادا کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کرابوو، کڵچدارئۆغڵو 41.8% و ئەردۆغان 42.5%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو و رێژەی دەنگی خۆڵەمێشیش 15.7٪ بوو. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوەی کۆمپانیای ئۆرک دەڵێت، بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگی کڵچدارئۆغڵو، پەیوەستە بەو تابلۆیەی کە "هاوپەیمانی میللەت" لە دوای دروستبوونی قەیران لە ناوخۆی هاوپەیمانییەکە پیشانی داوە؛ ئەمەش دوای چوونە دەرەوە و سەرلەنوێ گەڕانەوەی مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی بۆ ناو هاوپەیمانیی میللەت و وەرگرتنی پاڵپشتی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و سەرکردەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە.