هاکان فیدان دەدرێتە دادگا
رووداو - ئاژانسەکان
مافپەروەرێکی تورکیا بڕیاری گەڕاندنەوەی هاکان فیدان بۆ سەر کارەکەی لە دەزگای هەواڵگری MIT بە نایاسایی ناودەبات و داوایەک تۆماردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
بەپێی هەواڵێک کە رۆژی 10-3-2015 لە میدیاکانی تورکیا بڵاوبووەتەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی هاکان فیدان، راوێژکاری پێشووی MIT بۆ سەرکارەکەی، دوای پاشگەزبوونەوەی لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان، دەدرێت بە دادگا. هەر بەپێی ئەو هەواڵانە داواکە لەلایەن عومەر فاروق ئەمینئاغا ئۆغڵووەوە تۆمارکراوە، کە مافپەروەرێکی ناسراوی تورکیایە و پێشتر سەرۆکی سەندیکای دادوەران بووە.
بەپێی یاسای دەزگای هەواڵگری تورکیا هەر کارمەندێکی ئەو دەزگایە، ئەگەر پێش تەواوکردنی 5 ساڵ خزمەت دەستلەکاربکێشێتەوە، دواتر ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر هەمان پۆست هەتا کاتێکی دیاریکراو تێنەپەڕێت. بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانیش هەرکەسێک بۆ خۆکاندیدکردن دەست لە پۆستێکی حکومی بکێشێتەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر هەمان کار هەتا دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن.