تیمەکان لە مەلەتی پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەن؛ 'هیوامان هەیە دوای 7 رۆژیش خەڵک رزگار بکەین'

 
رووداو - مەلەتی

تیمی رزگارکردنی قوربانیان لە مەلەتی باکووری کوردستان ناوبەناو داوا دەکەن هەمووان لە شوێنی خۆیان دابنیشن و بە تەواوەتی بێدەنگ بن، ئەوەش لەوکاتەی کە ئامێرێکی هەستیاری دەنگ شۆڕ دەکەنەوە و چاوەڕوانن، دەنگێک یان ناڵەیەک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا ببیستن، بۆئەوەی بەهانایەوە بچن.
 
تیمەکان کاتی زۆریان لەبەردەستدا نەماوە و هیوای دۆزینەوەی قوربانییان بە زیندوویی تادێت کەمتر دەبێتەوە.
 
عومەر ئاکسو، خۆبەخش ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو دۆخەمان لە بوومەلەرزەکانی پێشتریشدا بینی و دوای تێپەڕبوونی شەش حەوت رۆژ، خەڵکمان رزگار کرد. بۆیە ئەزموونەکان پێمان دەڵێن نابێت بێهیوا بین. ئەگەر توانیبێتمان لە کۆتایی شەشەم و حەوتەم رۆژدا مرۆڤەکان بە زیندوویی دەربهێنین دڵنیام دۆخەکە دووبارە دەبینینەوە."
 
تیمی هاوکاریی وڵاتانی دیکە گەیشتوونەتە مەلەتی، هەندێک ئامێری پێشکەوتوویان لەگەڵ خۆیان هێناوە، بە هیوای ئەوەی لەو کاتە کەمەی کە ماوە، ژیانی هەندێک لە قوربانییەکانی پێ رزگار بکەن.
 
کریسمان مێرلیکا، ملازمی سوپای ئەلبانیا دەڵێت، "تیمی رزگارکەری ئێمە ئامێری مۆدێرنیان پێیە بۆئەوەی باڵەخانە رووخاوەکان بپشکنن و لە رێگەی کامێراوە ئەودیوی بەربەستەکان ببینن. تیمەکانی ئێمە لەگەڵ تیمەکانی تورکیا، کە بە AFAD ناسراون، کار دەکەن، ئەوان داوای چی بکەن ئێمە ئەوە دەکەین."
 
فاتیح روزگەر، ئەندامی تیمی گەڕانی تورکیا دەڵێت، "هیچ هیوایەکمان نەبوو، لەو باوەڕەدا بووم تەنیا تەرم دەردەهێنین، بەڵام هاوڕێیانمان لە تیمەکانی جەندرمە بە ئامێری لێزەری تایبەت دەریانخست کە هێشتا کەسی زیندوو لەژێر داروپەردووەکاندا هەن. لەڕاستیدا پێشبینیی دەرهێنانی تەرممان دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە کەمێک هیوام هەبوو بەوەی پەرچوو روودەدات. دوای هەڵدانەوەی پێنج چینی گەورەی کۆنکرێت، لە دوایین دوو چینی خوارەوەدا لە کاتی بڕینی ئاسنەکاندا، گوێم لە دەنگی منداڵ بوو. دوای بڕینی ئاسنەکە، منداڵەکەم بینی و زۆر دڵخۆش بووم."
 
هەزار هاونیشتمانیی باکووری کوردستان لە بوومەلەرزەکە گیانیان لە دەستداوە و تادێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر دەبێتەوە.