تورکیا پێشنیازێک لەبارەی سیستەمی بەرگریی ئێس 400 بۆ ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە بابەتی 'S400' دا 'مۆدێلی کریت'یان بۆ ئەمریکا پێشنیاز کردووە. واتە دەکرێت تورکیا سیستمە بەرگرییەکە کارا نەکات و بیداتە وڵاتێکی دیکە.
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند ئەنقەرە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتی سیستمی بەرگریی 'S400' لەسەر مۆدێلی کریت. ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی کڕینی ئەم سیستمە بەرگرییە لە رووسیا، تورکیا رووبەڕووی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بووەتەوە.
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "ئەم چەکانە ئێستاش لە نێو ناتۆدان هەن. چ مۆدێلێک بۆ S-300'کانی دوورگەی کریت پەیڕەوکراوە، ئێمەش دەرگامان بۆ دانوستاندن لەسەر هەمان مۆدێل واڵاکردووە".
بەپێی ئەو مۆدێلەی تورکیا باسی لێوە دەکات؛ چاوەڕێدەکرێت سیستمە رووسییەکە لە تورکیا کارا نەکرێت و بدرێتە وڵاتێکی دیکە.
بەپێی دوایین هەڵوێستەکانی ئەمریکا و بەتایبەتیش سیاسەتی ئیدارەی جۆ بایدن، دەردەکەوێت کە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک رەزامەندی نانوێنێت لەسەر کاراکردنی سیستمی 'S400' لە تورکیا.
لێدوانەکانی وەزیریی بەرگری تورکیا لە کاتێکدایە مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "ئەو هەنگاوانەی ئێمە لە پیشەسازی بەرگری دەینێین، هیچ وڵاتێک ناتوانێ دیاریی بکات. ئیدارەی بایدن لەمبارەیەوە چی دەڵێت، نازانین! ئێمە هەروەک لە سەردەمی ترەمپ، بۆ هەنگاوەکانمان لە بابەتی پیشەسازیی بەرگریدا مۆڵەت لە هیچ شوێنێک وەرناگرین".
هەرچەندە هێشتا تورکیا ناوی ئەو وڵاتەی دیاری نەکردووە کە مەبەستیەتی 'S400'ی رووسیی پێبدات، بەڵام شارەزایان زیاتر ئاماژە بە ئازەربایجان دەکەن.
پێشتر ئیقبال دوڕە، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو گوتبووی؛ تورکیا ئەو سیستمە بەرگرییە کارا ناکات کە لە رووسیای کڕیوە و لە داهاتوودا ناچار دەبێت بیداتە ئازەربایجان.
مۆدێلی کریت چییە؟
ئەم سیستمە بەرگرییە 'ئێس300'ی ئێستا لە دورگەی کریتی یۆناندا جێگیرە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی قوبرس. قوبرسی باشوور لە کۆتاییەکانی 1997 بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی تورکیا و پاراستنی خاکەکەی لە هەر مەترسییەک سیستمی بەرگریی 'ئێس300'ی لە رووسیا کڕی. ئەوکاتە تورکیا و قوبرسی باکوور رێگەی جۆراوجۆریان گرتەبەر بۆ ئەوەی قوبرسی باشوور سیستمەکە کارا نەکات. تەنانەت ئەوکاتە باس لەوە کرا کە تیمێکی فڕۆکەوانانی تورکیا بە مەبەستی تێکشکاندنی سیستمی بەرگریی ئێس300 بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتوون و لەوێ راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی ئێف16 بۆ تێکشکاندنی سیستەمەکە کردووە.
هەموو ئەم هەوڵانە لەکاتێکدا بوون کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاش دژی کڕینی سیستمە رووسییەکە بوون و لە ئەنجامدا قوبرسی باشوور ساڵی 1998 ناچاربوو سیستمی بەرگریی ئێس300ی رووسی کە کڕیبووی، گواستییەوە بۆ دوورگەی کریتی یۆنان. ئەوکاتە حکومەتی یۆنان وەکو جێگرەوەیەک چەکی جۆراوجۆری دیکەی بە قوبرسی باشوور دا.
ئەم سیستمە ئێس300'ە رووسییە ماوەی 15 ساڵ بە ناکارایی لە دوورگە یۆنانییەکەدا بوو، ساڵی 2013 بۆ یەکەمجار لەلایەن یۆنانەوە لە مانۆڕێکی سەربازیدا تاقیکرایەوە و هیچ کێشەیەکی نەبوو. هەروەها ساڵی رابردوو و لەکاتی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، یۆنان جارێکی دیکە ئێس300ی رووسیی لە چەند مانۆڕێکی سەربازیی دەریای ناوەڕاستدا بەکارهێنا.
ئێستا لە جیهاندا 15 وڵات سیستمی ئێس300ی رووسی بەکاردەهێنن کە سیانیان ئەندامی ناتۆن، ئەوانیش؛ یۆنان، بولگاریا و سلۆڤاکیان. بەڵام تائێستا تەنیا چین و بیلارووس بەشێوەیەکی کردەیی 'S400'یان کاراکردووە، هندستان، سعودیە و تورکیاش کڕیویانە، بەڵام هێشتا کارایان نەکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا تاکە ئەندامی ناتۆیە کە 'S400'ی کڕیووە.
تورکیا هیوادار بوو ئیدارەی نوێی ئەمریکا نەرمی لە بابەتەکەدا بنوێنن، بەڵام ئیدارەی بایدن بەشێوەیەکی جددی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە قبووڵی ناکات تورکیا 'S400' کارا بکات.
دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن، لە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی فەرمی نێوان ئەمریکا و تورکیا جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی بە ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیای رایگەیاند، کڕینی سیستەمی ئێس400 لەلایەن تورکیاوە، کاریگەری پێکەوەبوونی رێکخراوی ناتۆ لاواز دەکات، لەکاتێکدا ستراتیژییەتی ئەمریکا بەهێزترکردنی ناتۆیە.
رۆژی 12-7-2020 وهزارهتی بهرگریی توركیا رایگهیاند، بهشی یهكهمی سیستمی بهرگریی موشهكی ئاسمانیی له جۆری 'S400'ی رووسی لە رێگهی فڕۆكهی بارههڵگری رووسی له بنكهی ئاسمانیی مورتهد له ئهنقهره رادهستی توركیا كرا.
کۆمپانیای رۆسۆ بۆڕۆن ئێکسپۆرت Rosoboronexportی تایبەت بە پیشەسازی بەرگریی رووسیا سیستەمی 'S400' دروستدهكات. تاوهكو ئێستاش سیستەمەکە بههێزترین و پێشكهوتووترین سیستهمی دژه مووشهكی و دژه فڕۆكهیه.
لە ساڵی 2017، حكومهتی ئهنقهره رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ به گوژمهی 2.5 ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی مووشهكی 'S400'، کە هەر یەکێکیان 9 بارهەڵگر و 144 مووشەک لەخۆ دەگرێت. هەر بارهەڵگرێك چوار سهكۆی هەڵدانی مووشهكی جێگیری هەیە.
تایبهتمهندییه تهكنیكییهكانی S-400به یهكێك له سیستهمه ئاسمانییه ههره گرنگهكانی جیهان ناسراوه، بهشێوهیهك نهخشهی بۆ كێشراوه كه دهتوانێت فڕۆكهی جهنگی، پشكنینی رادار، فڕۆكهی كۆنتڕۆڵ، فڕۆكهی چاودێری، فڕۆكهی ستراتیژی و تاكتیكی، مووشهكی بالیستیكی ئۆپهراسیۆن-تاكتیك، مووشهكی بالیستیكی ناوهند مهودا و ئامێره هێرشبهره ئاسمانییه پێشكهوتووهكانی دیكه تێكبشكێنێت.
هەروەها S-400 دهتوانێت به مووشهكی مۆدێرنی زۆر دوور مهودای 40N6 له دووری 400 كیلۆمهتر، به مووشهكی مۆدێرنی دوور مهودای 48N6 له دووری 250 كیلۆمهتر، به مووشهكی مۆدێرنی ناوهند مهودای 9M96E2 له دووری 120 كیلۆمهتر، به مووشهكی مۆدێرنی كورت مهودای 9M96E له دووری 40 كیلۆمهتر ئامانجهكان بپێكێت.
ئهم سیستهمه دهتوانێت له ههمانكاتدا مووشهكی كورت، ناوهند و دوور مهودا بهكاربهێنێت. S400 له دووری 600 كیلۆمهترەوە ههست به ئامانجهكان دهكات و به خێرایی 4.8 كیلۆمهتر له چركهیهكدا مووشهك رهوانه دهكات. له ماوهی تهنیا پێنج خولهكدا كارا دهبێت و سیستهمهكه كهمتر له 10 چركهدا بهرپهرچی ئامانجهكه دهداتهوه.