رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە پارتی ئاییندە، پارتی دێڤا و پارتی سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا فراکسیۆنێکی هاوبەشی پەرلەمانییان پێکهێنا و کەسێکیان بۆ سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکە دەستنیشان کرد.
ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، جەلال مومتاز وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی (رێگەی نوێ) هەڵبژێردرا. فراکسیۆنەکە لە ئەنجامی یەکگرتنی فراکسیۆنەکانی پارتی ئاییندە کە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکایەتیی حیزبەکە دەکات، پارتی دێڤا کە عەلی باباجان سەرۆکی حیزبەکەیە و پارتی سەعادەت کە مەحموود ئاریکان سەرۆکایەتی دەکات، دامەزراوە.
جەلال مومتاز، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێڤایە، 10 ساڵ سەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی پارێزگای ئافیۆنی تورکیا بووە، 15 ساڵ ئەندامی دەستەی دادوەرانی دادگەی دەستووریی تورکیا بووە و دوو خوول پەرلەمانتار بووە.
هەوڵەکانی ئەحمەد داودئۆغڵو بە پێکهێنانی ئەو فراکسیۆنە نەوەستاوە و هەریەک لە عەلی باباجان و مەحموود ئاریکانی رازی کردووە بۆ ئەوەی پارتەکانیان لەژێر چەتری بەرەیەکدا کۆبکەنەوە.
پێشتر ئەحمەد داودئۆغڵو و تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵوی، سەرۆکی پێشووی پارتی سەعادەت فراکسیۆنێکی پەرلەمانییان بەناوی فراکسیۆنی "سەعادەت" پێکهێنا. هەریەکە لەو دوو لایەنە 10 کورسییان هەبوو.
پارتەکەی عەلی باباجانیش خاوەن 15 کورسییە؛ بەوەش بەرە هاوبەشەکە دەبێتە پێنجەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دوای ئاکپارتی بە 267 کورسی، جەهەپە بە 128 کورسی، دەم پارتی بە 57 کورسی، مەهەپە بە 43 کورسی.
هەر سێ پارتەکە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ئایاری 2023 بە سەرۆکایەتیی جەهەپە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی میللــەت کۆبوونەوە. هاوپەیمانییەکە 208 کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام دوای هەڵبژاردن بە کشانەوەی ئیی پارتی، پەرش و بڵاو بوون و هاوپەیمانییەکە هەڵوەشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ