هاکان فیدان لەبارەی ئۆپەراسیۆن لە دژی یەپەگە: لە 2025 ئەرکی لەپێشینەمان دەبێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆن لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان، دەڵێت: "یان کەسێکی دیکە هەنگاوەکە دەنێت یان ئێمە دەیکەین."
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە میدیاییە نێوخۆیی و بیانییەکان کە بنکەکەیان لە تورکیایە کۆبووەوە و لەبارەی پێشهاتەکان و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە. 
 
رۆژنامەڤانان لە هاکان فیدانیان پرسی: "ئایا ئیدارەی سووریا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێک دژی یەپەگە بکات؟ ئەگەر ئیدارەی سووریا نەیکات، ئایا تورکیا لەو بارەوە هەنگاو دەنێت؟"
 
لە وەڵامدا فیدان رایگەیاند، "پاککردنەوەی سووریا لە تیرۆر لە ساڵی 2025 دا یەکێک لە کارە لە پێشینەکانمان دەبێت، کۆتایی رێگەکە بۆ رێکخراوی جوداخواز و پاشکۆکانی لە سووریا دەبینرێت. ئیدی هیچ شتێک وەک جاران نابێت. سیستمی کۆن بەردەوام نابێت. لە سیستمی نوێی سووریادا، ئیدی کەس مافی ئەوەی نییە دەربڕینەکانی بە بەڵام بەکاربهێنێت".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "ئێمە چانسی ژیانمان لەگەڵ هەڕەشەیەکی وا [پەکەکە - یەپەگە] نییە، یان کەسێکی دیکە هەنگاوەکە دەنێت یان ئێمە دەیکەین."
 
لەبارەی هەڵوێستی فەرەنسا کە جەخت لە پاراستنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "چەند وڵاتێکی بچووکی ئەورووپا کە لە ژێر چەتری ئەمریکا بەشدارییان لە هەندێک ئۆپەراسیۆندا کردووە، پێموانییە ئەو لێدوانانەی لە شوێنی خۆیانەوە دەیدەن و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن، سوود بە خۆیان و سوود بە ناوچەکە بگەیێنێت. لە شوێنێک کە ئەمریکای لێ نەبێت ئەگەر خۆیان بێن بۆ ناوچەکە و هێزی سەربازی بەکاربهێنن، با بیبینین. بەڵام دەزانین کە ئەمە وا نییە."
 
هاکان فیدان، هەرچەندە ناوی فەرەنسای نەهێنا، بەڵام گوتیشی: "راشکاوانە بڵێم، ئەو وڵاتانە لەبەرچاو ناگرین کە بە بەکارهێنانی هێزی ئەمریکا و خۆشاردنەوە لە پشت ئەو، بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێدوان دەدەن. لەم بابەتەدا بەرکەوتەی ئێمە ئەمریکایە. لەگەڵ ئەمریکا قسە دەکەین، نەک لەگەڵ ئەو وڵاتانەی شوێنی کەوتوون". 
 
هاکان فیدان هیوای خواست پرۆسەی گواستنەوە لە سووریا بە لێکتێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی وڵات لە قۆناخی داهاتوودا تەواو بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە