بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە پارێزگایەکی تورکیا روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ناوچەی مەجیدئۆزو لە پارێزگای چۆروم-ی تورکیا بە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر هەژا و بەهۆیەوە خەڵک لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا - ئافاد، کاژێر 00:34ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-01-2024 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر ناوچەی مەجیدئۆزو لە پارێزگای چۆرومی باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا روویداوە. هەروەها کاژێر 00:41 بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 2.2 رێختەر تۆمار کراوە.
بەگوێرەی گوتەی خەڵکی ناوچەکە، بوومەلەرزەکە کاریگەریی زۆری دروستکردووە و خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەجیدئۆز ماڵەکانیان جێهێشتووە و چوونەتە سەر شەقام، یانیش هانایان بردووەتە بەر ماڵی خزمانیان لە ناوچەی دیکەی چۆروم.
زولکیف داغڵی، پارێزگاری چۆروم رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نەرێنیمان سەبارەت بە زیانی گیانی پێنەگەیشتووە. بوومەلەرزەکە زۆرترین کاریگەریی لەسەر مەدیجئۆزو، بەتایبەتیش گوندی ئاغاچکۆیون هەبووە؛ بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لەئارادا نییە."
ماوەی 10 رۆژی رابردوو چەندین بوومەلەرزە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا روویانداوە. رۆژی 08-01-2024 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەلەتی روویدا. پێشتریش رۆژی 01-01-2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستانی هەژاندبوو.
پسپۆران هۆشداری لەبارەی بوومەلەرزەی سەروو 7 پلە دەدەن
ناجی گۆرور کە پرۆفیسۆر و شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییە لە تورکیا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هاوڕێیان، لە سولەیمان ئوشاغیی پلەمور بوومەلەرزەیەکی 4.2 رێختەری روویدا. ئەم بوومەلەرزەیە لەسەر پلێتی یەدیسو روویداوە کە زۆرترین ترسمان لێی هەیە و زۆرترین سەرنجمان لەسەریەتی. ئەو پلێتە ئامادەی شکان و دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی سەروو 7 پلەی [رێختەریە]. من ماوەیەکە سەرنجم لەسەر تونجەلی و پلەمورە. تەنانەت ئەم بەیانییە باسمکرد. پێویستە سەرنجەکان بخرێنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر. دەبێت وابکرێت، شارەکان بەرگەی بوومەلەرزە بگرن".
ناجی گۆرور ماوەی زیاتر لە شەش مانگە حکومەتی تورکیا لە مەترسییەکانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستەنبووڵ ئاگادار دەکاتەوە. لەم ماوەیەشدا زیاتر ئاماژە بە شارەکانی باکووری کوردستان ، بەتایبەتیش جۆلەمێرگ و دێرسیم دەکات.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، لە هەردوو بوومەلەرزەکەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.