رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لە پارێزگای مانیسای تورکیا، مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و جەختیکردەوە کە ئەوان بە تەنیا و بێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەکەن.
ئەو راشیگەیاند، "ئیی پارتی بۆ ئەوە دانەمەزراوە تا لە دژی ئاکپارتی لایەنگریی جەهەپە بکات".
ئەو قسانەی ئاکشەنەر دوای ئەوە هات، دوێنێ سێشەممە، شەش بەرپرسی باڵای رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە پارێزگای ئەنتاڵیا دەستیان لەکارکێشایەوە و رایانگەیاند، "ئیی پارتی ئێستا بووەتە ئۆپۆزیسیۆنی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن".
ئەو دۆخەی ئیی پارتی لەکاتێکدایە، کەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. گوشار و رەخنەکانی ئیی پارتی زیاتر بەهۆی ئەوەیە کە ئەمجارە بڕیاریداوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێکنەهێنێت و بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا لەنێو هاوپەیمانیی میلـلەتدا بوو و هاوشانی جەهەپە و چەند پارتێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن، رکابەریی پارتەکانی دەسەڵاتیان دەکرد.
مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی بە دیاریکراوی گوتی، "ئەگەر ئێمە بە جیا بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەین، دەبینە هۆکاری لەدەستدانی فڵانە شار. دەڵێن ئەگەر بە جیا بەشداری بکەن، لە فڵانە شوێندا ئاکپارتی دەیباتەوە یانیش هاوپەیمانیی جمهوور دەیباتەوە. باشە ئێستا با پرسیارێک بکەم. ئایا ئێمە ئەم پارتەمان بۆ ئەوەی دامەزراند تا هەوڵی سەرخستنی بەربژێری جەهەپە یان پارتێکی دیکەی سیاسی بدەین لە دژی ئاکپارتی؟ یانیش بۆ لایەنگریی ئەوان؟ ئیی پارتی بۆ ئەوە دانەمەزراوە تا لە دژی ئاکپارتی لایەنگریی جەهەپە بکات".
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017 دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێنرا و هەر خۆشی تاوەکو ئێستا سەرۆکی گشتییە.
ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018دا 9.69٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023دا 9.6٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوو کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی جەهەپە بوو. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانی بڕیاریداوە بە تەنیا بەشداری بکات. ئەمە لەکاتێکدایە بلۆکی دەسەڵات لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ