رووداو دیجیتاڵ
لە گوتارێکیدا کە لە رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ لە ئیستەنبووڵ پێشکێشیکرد، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئەمریکا گرت و بە پشتیوانیکاری ئیسرائیل ناویبرد و بە پێویستیشی زانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی دیکە گرت کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و گوتی، "لە غەززە هەموو ئەو شتانەی گوزارشت لە مرۆڤایەتی دەکەن، دەکوژرێن. دەکرێت جیهانێکی دادپەروەر بێتە کایەوە، بەڵام ئەمە لەگەڵ ئەمریکا ئەستەمە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پارە و کەرەستەی جەنگی لە پشت ئیسرائیلە. باشە چۆن وەڵامی ئەمە دەداتەوە؟ ئێمە بەوانەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و دژایەتیی منداڵەکان دەکەن دەڵێین، دژی ئێوەین".
رۆژی هەینی، 8-12-2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری ئەمریکا بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن.
ئەردۆغان رایگەیاند، هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵەکانی غەززە، تورکەکانی قوبرس و تورکمانەکانی عێراق نییە و لە هەر کوێیەک "براکان"یان ستەمیان لێ بکرێت، ئەرکی ئەوانە خاوەندارییان بکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "دژایەتی ئیسلام و بیانییەکان کە وەک ژەهرێک رژاوەتە نێو بیری رۆژئاواییەکانەوە لەسەروو هەموو هەڕەشەکانەوەیە دژی مافەکانی مرۆڤ. بێگومان زۆرترینی ئەوانەی دەکەونە بەر دژایەتیکردنی بیانییەکان، نەتەوەپەرەستی، جیاکاری و فاشیستی، ئەو کۆچبەرانەن کە زۆرینەیان موسڵمانن".
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە دۆخی غەززە و ئەگەری راگرتنی جەنگ قسەی کرد و گوتی، "دیسان بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە بڕیار بۆ ئاگربەست دەرنەچوو. ئایا ئەمە دادپەروەرییە؟ سەرەڕای ئەوەی 13 وڵات دەنگی بەڵێیان بە پێشنیازنامەکە دا کە ئەندامی هەمیشەییشیان تێدابوو، بەداخەوە کە ئەنجام نەگۆڕا. هەربۆیە دەڵێم، چاکسازی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرجە. مرۆڤایەتی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم ئەنجوومەنەی ئاسایش ئەستەمە بگاتە هیچ کوێیەک".
رۆژی 7-10-2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا 1200 کەس کوژران. راستەوخۆ دوای ئەوە، حکومەتی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس راگەیاند و دەڵێت، جەنگەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لەنێودەبردرێت و بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەخنەی لە هەندێک مامەڵەی ئیسرائیل گرتووە، وەک کوژرانی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی سڤیلی فەلەستینی، بەڵام پاڵپشتی تەواوی ئیسرائیلیش دەکات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ