بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان تاوتوێی پرۆسەی ئاشتی و شەڕی داعشیان کرد

رووداو- هەولێر

لەمیانی سەردانی دوو رۆژەی بۆ تورکیا، رۆژی چوارشەممە 9-12-2015 بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای هەواڵگری میت کۆبووەوە و بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا لە دیدارەکەدا باسی پرۆسەی ئاشتی و شەڕی داعش کراوە.


لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئامادەی دیدارەکە بوو و باسیان لە رەوشی ناوچەکە کردووە.

هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای میتی تورکیا بە ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لە ئۆسلۆ دادەنرێت. یەکێکە لەو کەسایەتییانەی تورکیا کە چەندجارێک لەگەڵ ئۆجالان لە ئیمرالی کۆبووەتەوەو لەگەڵ ئۆجالان تاوتوێی پرۆسەی ئاشتییان کردووە.

چاوەڕوان دەکرێت بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ تورکیا جارێکی دیکە داوای بووژاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی بکات. هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان شەڕی داعش و چۆنیەتی هاوکارییەکانی تورکیا بۆ هێزی پێشمەرگە دەبێت.