رووداو دیجیتاڵ
لەم ساڵانەی دواییدا، هیچ ساڵێک نییە کەمتر لە 100 هەزار کەس، کە زۆرینەیان گەنجانن، لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیان نەکردبێت.
بەگوتەی ئەوانەی کۆچ دەکەن، هۆکاری سەرەکی قەیرانی داراییە و هەندێکیش دەڵێن، سنووری ئازادییەکانیان تەسکبووەتەوە.
ئەڵمانیاش ئەو وڵاتەیە کە زۆرینەی کۆچبەرەکانی تورکیا داوای مافی مانەوەیان لێکردووە.
حوسێن بویاکداخ، مامۆستای زمانی ئینگلیزییە و دانیشتووی شاری ئیستانبوڵە. خۆی و هاوژینەکەی خەڵکی شرنەخی باکووری کوردستانن و مانگانە بە هەردووکیان هەزار دۆلار داهاتیانە، کە بە خەرجی مانگانەیان بەراورد ناکرێت.
ئەو باس لەوە دەکات کە تورکیای خۆشدەوێت، بەڵام "قەیرانی ئابووری و تەسکبوونەوەی ئازادییەکان"، ناچاری کردووە بڕیار بدەن وڵاتەکە جێبهێڵن و روو لە ئەڵمانیا بکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر.
حوسێن بویاکداخ دەڵێت، "من فەرمانبەری حکومیم بۆ نموونە، ئەگەر قسە بکەم و بە خراپیی باسی حکومەتەکەم بکەم، لە کارەکەم دووردەخرێمەوە".
حوسێن بە تەنیا نییە، چەندین کەسی دیکە لە تورکیا و باکووری کوردستان لەبەر هەمان ئەو هۆکارانە دەیانەوێت کۆچ بکەن.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی تورکیا، ساڵی رابردوو 139،531 کەس تورکیایان بەجێهێشتووە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 ژمارەکە کەمتر بوو، 103،613 کەس لە تورکیا کۆچیان کردبوو. زۆرترن ئەوانەشی تورکیا بەجێدەهێڵن، گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 29 ساڵانە. زۆرترین وێستگەی هاووڵاتیانی تورکیاش ئەڵمانیایە کە تەنیا ئەمساڵ 23 هەزار تورکیایی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە.
هەڵکشانی ئاماری کۆچکردن لە تورکیا لەکاتێکدایە ئەو وڵاتە، ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆمارەکەی کردەوە.
ئەحمەد ئاکۆچ، ئەندازیاری ئایتیە، ئەو دەڵێت، "داهاتوویەک [بۆ خۆم] لە تورکیا دەبینم. بەڵام پرسەکە ئەوەیە زۆر زەحمەتە ئەو داهاتووە لەنێو تورکیا بەدیبهێنیت".
ئەوە تەنیا گەنجانی بێکار نین لە تورکیا و باکووری کوردستان کۆچ دەکەن، بەڵکو ساڵی رابردوو 2600 پزیشک داوایان لە سەندیکای پزیشکانی تورکیا کردووە، مۆڵەتی کارکردنیان لە دەرەوەی وڵات پێبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ